بەدیلی کۆمۆنیستی: بێدەنگی حکومەتی عێراق و هەرێم ئاماژەیە بە پلانێکی ژێربەژێر لەگەڵ ئەردۆگان

ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک شەرمەزار دەکات و دەڵێت: "بێدەنگی حکومەتی عێراق و هەرێم ئاماژەیەکە بۆ ڕێکەوتن وهاودەنگی و پلانێکی ژێربەژێری نێوانیانیان لە گەڵ رژێمی ئوردوگاندا".

ناڕەزایەتی دژی داگیرکاری

ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق دژی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە و دەڵێت: هێرشی سەربازی دەوڵەتی تورکیا بۆ ناو هەرێمی کوردستان، و هەر هەماهەنگیەکی حکومەتی ناوەند و هەرێم لە گەڵیدا، سەرکۆنە دەکەین".

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە ئامانجی سەرەتای ئەم ئۆپەراسیۆنە داگیرکردنی چیای گارە و دواتر فراوانکردنی ئاستی داگیرکارییەکە دەڵێت: "تا ئێستا و لە قۆناغی ئامادەکاری ئەم هێرشە بۆسەر چیای گاره، لە گوندەکانی دەوروبەریدا، ٤ هاوڵاتی بە تۆپبارانەکان کوژراون، بەمەش کۆی گشتی کوژاروەکانی ئەو دەڤەرە لە سەرەتای ئەمساڵەوە بووە بە ٨ کەس، و ژمارەیەکی زۆریش لە گوندەکان چۆڵکراون و گوندنشینان ئاوارەبوون، ئەمە جگە لە زیانی ماڵی و وێرانکردنی سروشت و ژینگەی ناوچەکە".

هەروەها ئاماژە کراوە بە بێدەنگی حکومەتی هەرێم و بەغدا و دەڵێت: "ئەمەش بۆخۆی رێسوایی سیاسی و زەبوونی هەردوو حکومەت نیشان ئەدا لەبەرامبەر زلهێزە ناوچەییەکان و ئەم داگیرکاریەی تورکیادا، و ئاماژەیەکە بۆ ڕێکەوتن وهاودەنگی و پلانێکی ژێربەژێری نێوانیانیان لە گەڵ رژێمی ئوردوگاندا".

هەروەها بیانووەکانی تورکیا بەدرۆدەخاتەوە و دەڵێت: "ئەمە بەشێکە لە سیاسەت و پلانی ستڕاتیژی تورکیا وەک دەوڵەتێکی زلهێزی ناوچەیی، کە بەرژەوەندیەکانی سەرمایە و سیستمی سەرمایەداری گەشەکردووی تورکیا بە سیاسەتی ئیمپریالیستی، و بە دەسەڵاتێکی نەتەوەپەرستانەی شۆفێنیستییەوە، و بە پەلهاویشتن و بەرفراوانکردنی سنوری بەرژوەندییە ئابووری و جیۆسیاسییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەنجام ئەدا. دیارە ئەمەش لە سەردەمێکدایە کە ئیمپریالیزمی ئەمریکی ئەو توانایەی جارانی نەماوە لە ناوچەکەدا و بۆشاییەکی جیۆسیاسی هاتۆتەئاراوە".

هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "هاتنەناوەوەی سوپای تورکیا و جێگیرکردنی بارەگا سەربازییەکانی لە هەرێمی کوردستان، و خۆئامادەکردنی بۆ ئۆپراسیۆنێکی سەربازی کە ژیان و گیانی هاوڵاتیان دەخاتە مەترسی تیاچوون و ئاوارەییەوە، بە توندی سەرکۆنە دەکەین."

پاشان بانگەواز دەکات بۆ حکومەتی هەرێم و حکومەتی بەغدا و دەڵێت: "بێ هەڵوێستی وهەر هاوئاهەنگیەکی حکومەتی ناوەند و حکومەتی هەرێم لەگەڵ دەوڵەتی تورکیادا بۆ ئەم هێرشە سەربازیەی ، سەرکۆنە دەکەین، وە ڕایدەگەێنین کە سەلامەتی ژیان و پاراستنی گوندنشینان و ماڵ و باری ئابوری و گوزەرانیان لە ئەستۆی ئەواندایە".

لەکۆتاییدا دەڵێت: "بەرگرتن بەم ملهوڕی و سەرکێشییە سەربازییەی دەوڵەتی تورکیا، پێویستی بەهاتنەمەیدانی جەماوەری ئازادیخواز و ڕیزی ڕێکخراوی کرێکاران و زەحمەتکێشانە نەک هەر لە هەرێـمی کوردستان وسەرجەم عێراق بەڵکو لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا ، بە تایبەت لە تورکیا و سوریه."