بەغدا بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی سێ حزبی کوردی

لەکاتێکدا داگیرکەریی دەوڵەتی تورک لە سەر خاکی عێراق بەردەوامە، ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی سێ حزبی کوردی.

دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەكان لە ئەنجوومەنی دادوەری عێراق ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەى سێ حزبی کوردی لە عێراق و هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە ئەنجوومەنى دادوەری بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی هەریەك لە (تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی كوردستان، حزبی ئازادیی دیموكراتی ئێزدی، حزبی بەرەی تێكۆشانی دیموكراتی).

بەپێی بڕیارەکەى ئەنجوومەنى دادوەری بارەگاکانی ئەو سێ حزبە دادەخرێن و دەستبەسەر كەلوپەل و داراییاندا دەگیرێت.
دەستەی دادوەری هەڵبژاردن پاساوی ئەو بڕیارەى بۆ هەڵوەشاندنەوەو قەدەغەكردنی ئەو سێ حزبە گەڕاندووەتەوە، بۆ ئەوەی کە گوایە ئەو حزبانە لەڕووی دارایی و سیاسی و ڕێکخستنەوە پەیوەندیان بە حزبی دەرەوەى عێراق هەیە و لەلایەن هێزێکی دەرەکییەوە ئاڕاستە دەکرێن کە مەبەستى پارتى کرێکارانى کوردستان-پەکەکەیە.

ئەنجوومەنى دادوەری دەڵێت،  بەپێی بڕگەی یەكەم و دووەم لە مادەی ٢٥ـی یاسای حزبە سیاسییەكان ژمارە ٣٦ـی ساڵی ٢٠١٥ بڕیارەکەیان دەرکردووە.

ئەوەی سەرنجڕاکێشە بڕیارەکە بەتایبەتی لە دژی دوو حزبی ئێزدی لە دەیەمین ساڵیادی فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤دا دەرچووە، کە داعش هەزاران ئێزدی لە شەنگال کۆمەڵکوژ کرد و ئەو لایەنە ئێزدیانەی قەدەغەکراون، رۆڵی سەرەکیان هەبوو لە بەرەنگاربوونەوەی داعش و رزگارکردنی شەنگال.