بەهۆی بەرزکردنەوەی "نیشانەی سەرکەوتن"ـەوە، لێپرسینەوە لە ڕۆژنامەنووسێکی زیندانیکراو دەستی پێ کرد

بەهۆی ئەوەی لە دیدارێکی کراوەدا نیشانەی سەرکەوتنی بۆ خزمی زیندانیان بەرزکردووەتەوە، لێپرسینەوە لە ڕۆژنامەنووس جەلالەدین یالچین دەستی پێ کرد.

فشار و هێرشەکانی دەسەڵاتی ئاکەپە_مەهەپە بۆ سەر زیندانیان بەردەوامە.

ڕۆژنامەنووس جەلالەدین یالچین لە زیندانی مەڕمەڕە (سیلڤری) ڕادەگیرێت. یالچین لە ٥ ی ئەیلول لە دیدارێکی کراوەدا بە پەنجەکانی نیشانەی سەرکەوتنی بۆ خزمی زیندانیان بەرزکردەوە. بە پاساوی نیشانەی سەرکەوتن، لێپرسینەوەی دیسپلین دەربارەی یالچین دەستی پێ کرد. یالچین لەڕێگەی پارێزەرەکەیەوە تانەی لە لێپرسینەوەکە دا.

یالچین لەڕێگەی پارێزەرەکەیەوە پەیامێکی نارد و ڕایگەیاند ئەم لێپرسینەوە بە تەواوەتی ئارەزوومەندانە و نایاساییە، گوتی: "لە هیچ جێیەکی جیهان نیشانەی سەرکەوتن تاوان نییە. بەڵام بۆ یەکەمجار لە زیندانی مەڕمەڕە دەبێتە تاوان. ئەمە بەشێکە لە فشاری سەر زیندانیان. ناتوانن بە لێپرسینەوەیەکی لەم جۆرە، سەر بە زیندانیان نەوی بکەن. ئەم هەوڵانە بێهودەن".