بەکتاش ئابتین شاعیر و نوسەر لە زیندانی رژێمی ئێراندا گیانی لەدەستدا

بەکتاش ئابتین شاعیر، نوسەر و دەرهێنەر لە زیندانی ئوین بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانی لەدەستدا.

بەکتاش ئابتین  شاعیر، نوسەر و دەرهێنەر و ئەندامی کۆمەڵەی نوسەرانی ئێران سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ٨ی کانونی دووەمی ٢٠٢٢ لە تەمەنی ٤٧ ساڵیدا گیانی لەدەستدا.

کۆمەڵەی نوسەرانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، دەسەڵاتی دژی ئازادیخوازی، پاڵەوانێکی قاڕەمانی ئازادیخوازی لە ئێمە سەندەوە ' و هەواڵی گیان لەدەستدانی بەکتاش عابدینی پشتڕاست کردەوە. لە بەیاننامەکەدا هاتووە، " بەکتاش ئابتین زیندووە، چونکە ڕوحی ئازادیخوازی و بەرخۆدان لەدژی زوڵم و ستەم زیندووە و لە ماوەیەکی نزیکدا وردەکاریەکانی ئەو ستەمەی لە عابدین بەکتاش کراوە، بۆ ڕای گشتی ئاشکرا دەکەین."

بەکتاش ئابتین لە ٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ دەستگیرکرا و دادگای ئێران ٦ ساڵ سزای زیندانی بەسەردا سەپاند. حکومەتی ئێران تۆمەتی 'بانگەشە لەدژی رژێم' و 'تێکدانی ئارمی و ئاسایشی نەتەوەیی' دابووە پاڵ بەکتاش عابدین.

بەکتاش ئابتین لە کانونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١دا لەبارەی کردەوەکانی رژێمی ئێران لە زیندانەکاندا قسەی کردبوو و رایگەیاندبوو، بەرپرسانی زیندانەکانی ئێران، دەیانەوێت لەنێوان زیندانیاندا ناکۆکی دروست بکەن، بۆ ئەوەی سیخوڕی بەسەر یەکەوە بکەن.

لە مانگی تەمووزی ساڵی ڕابردوودا، وینەیەکی بەکتاش ئابتین بڵاوکرایەوە کە پێیەکانی زنجیر کرابوون و لەسەر تەختی نەخۆشخانە بوو و ئەوەش تۆڕەیی و ناڕەزایی ڕای گشتی لێکەوتەوە.

ئەنجومەنی پێنووسی ئەمریکا لە مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردوودا، خەڵاتی 'ئازادی پێنووسی' بە بەکتاش ئابتین، ڕەزا خەندان مەهابادی و کەیوان باژن بەخشی کە هەرسێکیان لە زیندانی ڕژێمی ئێراندا بوون.

ف.ق