بەمەبەستی دیدار لەگەڵ رێبەری گەلی کورد داواکاری نوێ پێشکەشکرا

پارێزەرانی نوسینگەی یاسایی سەدە بەمەبەستی دیدار لەگەڵ رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان جارێکی دیکە داواکارییان پێشکەش کرد.

بە مەبەستی دیدار لەگەڵ رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کە ٤٠ مانگە زانیاری لە بارەیەوە بەردەست نییە، پارێزەرانی نوسینگەی یاسایی سەدە سەردانی داواکاری گشتیی کۆماری لە بورسا و بەڕێوەبەرایەتی زیندانی ئیمراڵییان کرد.

پاڕێزەران سوزان ئاکیپا، ئیبراهیم بیلمەز، عەمران ئەمەکچی و جەنگیز یورەکلی بۆ ئەوەی بتوانن موەکیلەکەیان عەبدوڵا ئۆجالان و زیندانیانی دیکە لە زیندانی ئیمراڵی عومەر خەیری کۆنار، حامیلی یەڵدرم و وەیسی ئاکتاش ببینن، داواکارییان پێشکەش کرد.

ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کە لەساڵی ١٩٩٩ەوە بە پیلانگێڕییەکی نێونەتەوەیی دەستگیرکرا تاکو ئێستا لە زیندانی دوورگەی ئیمراڵیدا ڕاگیراوە. لە ٢٥ی ئاداری ٢٠٢١ەوە بە هیچ جۆرێک هەواڵی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان نازانرێت و هیچ زانیارییەک لەبارەیەوە بەردەست نییە و لە دژیدا گۆشەگیرییەکی سەخت بەڕێوەدەبرێت.

پارێزەران ڕایانگەیاندووە، ڕەتکردنەوەی داواکارییەکان بەشێوەیەکی خۆویستانەیە و دوای چەندین مانگ بە شێوەیەکی ناسایی پێیان ڕادەگەینرێت کە بەهۆی سزای دیسپلینەوە داواکارییەکانیان ڕەتدەکرێتەوە، هەروەها نازانرێت هۆکاری سزای دیسپلین چیە.

بڕیاری قەدەغەکردنی چاوپێکەوتن کە لە بەرامبەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و زیندانیانی دیکەی ئیمراڵی بڕاوەتەوە، لە ٣ی ئازاری ٢٠٢٤دا لە لایەن دادگایی جێبەجێکردنی بورساوە دراوە.

هاوکات لەگەڵ بڕیاری قەدەغەی چاوپێکەوتن لە ٨ ساڵی کۆتاییدا لە بەرامبەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، بەلایەنی کەمەوە بۆ ١٣ جار قەدەغەی چاوپێکەوتنی ٦ مانگە لەگەڵ پارێزەراندا دراوە.