بنەماڵەکان بۆ چوونە ئیمرالی داواکاریان پێشکەشکرد

بنەماڵەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و بنەماڵەی زیندانیانی دیکەی گۆشەگیرکراو لە ئیمرالی بە مەبەستی دیدار داواکاریان پێشکەشکرد.

بنەماڵەی ڕێبەری گەلی کورد و زیندانیانی دیکەی ڕاگیراو لە ئیمرالی کە ٣٨مانگە گۆشەگیرکراون، وەک هەموو هەفتەیەک، ئەم هەفتەیەش داوای دیداریان تۆمار کرد.

محەمەد ئۆجالان، برای ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و پارێزەر مەزڵوم دینچ، بەمەبەستی دیدار لە ئیمرالی داوای دیداریان پێشکەش بە داواکاری گشتیی بورسا و بەڕێوبەرایەتی زیندانی ئیمرالی کرد.

هاوکات عەلی کۆنار برای عومەر خەیری کۆنار و پۆلات یڵدرم برای حامیلی یڵدرم و مەلیحە چەتین خوشکی وەیسی ئاکتاش کە لە زیندانی ئیمرالی گۆشەگیر کراون، بە هەمان مەبەست داواکاری دیداریان ئاراستەی داواکاری گشتیی بورسا و بەڕێوبەرایەتی زیندانی ئیمرالی کرد.

پەیوەندییەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لەگەڵ جیهانی دەرەوە بە تەواوی پچڕاوە. داوای دیدارەکان وەڵام نادرێتەوە، هەندێک جار دوای چەند مانگێک پارێزەران ئاگادار دەکرێنەوە کە سزای دیسپلینی بەسەریاندا سەپێنراوە ئەمە وەک بیانوو نیشان دەدەن.

بە گوێرەی پارێزەرانی نوسینگەی یاسای سەدە؛

- لە ٢٧ی تەمموزی ٢٠١١ تا ئێستا، لە نێوان مانگی ئایار تا ئابی ٢٠١٩، ٥جار پارێزەران توانیویانە دیدار ئەنجام بدەن، دوا دیداریش لەو ٥ کۆبوونەوەیە لە ٧ی ئابی ٢٠١٩ئەنجام دراوە.

- لە ساڵی ٢٠١٤ەوە تا ئێستا ٥ جار کۆبوونەوەی بنەماڵەیی ئەنجامدراوە.

- دوایین دیداری ڕێبەر ئوجالان لە ٣ی ئاداری ٢٠٢٠ لەگەڵ براکەی محەمەد ئەنجامدراوە.

- لە یەکەم ڕۆژەوە هەتا ئێستا ٢ جار گفتوگۆی تەلەفۆنی ڕێگە پێدراوە. (٢٧ی نیسانی ٢٠٢٠ و ٢٥ی ئاداری ٢٠٢١)

- دوایین پەیوەندی تەلەفۆنی لە ٢٥ی ئاداری ٢٠٢١ ئەنجامدرا و دوای گفتوگۆیەکی زۆر کورت پەیوەندیەکە پچڕا و لەو کاتەوە هیچ زانیارییەک لەسەر دۆخی ڕێبەری گەلی کورد وەرنەگیراوە.