بەسەدان خێزانی ئاوارە لە کامپەکانی باشووری کوردستانەوە دەگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان

وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، نزیكەی ٥٣٣ خێزانی ئاوارە لە كامپەكانی هەرێمی كوردستانەوە بۆ زێدی خۆیان دەگەڕێنەوە، ژمارەی ئەو كەسانەشی بەشێوەی ئارەزوومەندانەی دەیانەوێت بگەڕێنەوە روو لە زیادبوونە.

عەلی عەباس جیهانگر، وتەبێژی فەرمی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق، لە بارەی ئامادەكارییەكانیان بۆ گەڕاندنەوەی سەدان ئاوارە لە كامپەكانی هەرێمی كوردستانەوە بۆ زێدی خۆیان راگەیەندراوێکی بڵاو كردەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە سەرەتای دەستپێكردنی پلانی نیشتیمانی بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان لە سەرەتای ئەمساڵەوە، وەزارەت سەرنجی زیادبوونی ژمارەی ئەو كەسانەی داوە، كە ئارەزوومەندن بۆ گەڕانەوە بۆ زێدی ڕەسەنی خۆیان دەكەن، لەم هەفتەیەدا نزیكەی ٥٣٣ خێزانی ئاوارەی كامپەكانی هەرێم دەگەڕێننەوە زێدی خۆیان.

ئاماژەی بەوەشكرد، ٣٤٣ خێزانی ئاوارەی دیكەی هەیە، كە ئارەزووی گەڕانەوەی خۆبەخشانەیان لە كامپەكانی (حەسەن شام و خەزەیر) لە پارێزگای هەولێر بۆ ناوچەکانیان دەكەن.

باسی لەوەشكرد، وەزارەت پرۆسەی گەڕاندنەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەکانیان بە شێوەی وەجبەی یەك لە دوای یەك لە ئەستۆ دەگرێت، دوای ئەوەی لە ڕووی ئەمنییەوە ناوچەكانیان بۆ ئامادەكرا بێت، هەروەها ڕەزامەندی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانیش بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەكان وەرگیراوە.

ئەوەشی خستەڕوو، پێداویستیەكانی گەڕانەوە بۆ نزیكەی ٧١ خێزانی ئاوارە لە كامپی (كبارتۆ) لە پارێزگای دهۆك ئامادەكراوە، ئەویش دوای ئەوەی ناویان تۆماركرا بە ئارەزوومەندانە بگەڕێنرێنەوە بۆ زێدی خۆیان.

لە كۆتایدا وتی: نزیكەی ١١٩ خێزانی ئاوارەی دانیشتووی كامپی تازەدێ لە شارۆچكەی كەلاری سەر بە پارێزگای سلێمانی ناویان تۆماركردووە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.

یەک لەو ناوچانەی ئاوارەکان دەگەڕێنەوە بۆی شەنگال و لە ماوەکانی رابردوودا سەدان خێزانی ئاوارەی ئێزدی لە کامپەکانی هەرێمی کوردستانەوە گەڕاونەتەوە بۆ ئەو شارە.

هـ . ب