بەشێوەی جەماوەری سەردانی پرسەی گەریلایەکی هەپەگە کرا

بەشێوەی جەماوەری سەردانی پرسەی گەریلای هەپەگە بارزان نوماش (فیراز ئارژین) کرا کە لە ماسیرۆ شەهید بوو و تەرمەکەی پاش ٣٨ ڕۆژ ڕادەستی بنەماڵەکەی کرا. هەروەها گەل بەشداری مەولودێک بوون بۆ گەریلای هەپەگە سەرجان ئەرکۆل.

گەریلای هەپەگە بارزان نوماش (فیراز ئارژین) لەگەڵ هەڤاڵێکی لە ٤ ی حوزەیران لە دەڤەری ماسیرۆی سەر بە ناوچەی ئێلباکی وان لە شەڕێکدا دژی سوپای تورک شەهیدبوو. تەرمەکەی پاش ٣٨ ڕۆژ ڕادەستی بنەماڵەکەی کرا و لە گۆڕستانی گەڕەکی سوبحانی وان بەخاکسپێردرا. پۆلیس ڕێگەی نەدا جەماوەر بەشداری مەراسیمەکە بکەن. تەنها ڕێگەیان دا کەسوکارەکەی لە بەخاکسپاردنەکەی بەشداربن.

بە پێشەنگایەتی مەبیا-دەر و بەشێوەی جەماوەری سەردانی پرسەی نوماش کرا، جەماوەر بەردەوام درووشمی "شەهید نامرن"یان بەرز دەکردەوە. پاش خولەکێک ڕێزگرتن، سروودی "چەرخی شۆڕش"یان خوێند. پاشان فاتیحا خوێنرا.

پاشان جەماوەر بەشداربوون لە مەولودی گەریلای هەپەگە سەرجان ئەرکۆل (شۆڕش زێوکی)، ئەرکۆل لە ١١ ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ لە شەڕێکدا شەهید بوو. لەبەردەم ماڵەکەیان درووشم بەرزکرایەوە. باوکی ئەرکۆل، حەسەن ئەرکۆل بەخێرهاتنی میوانەکانی کرد.