کاتێک پارێزەرانی نوسینگەی یاسا و مافی ئەسرین بۆ داوای "چاوپێکەوتنی بەپەلە" سەردانی دادگای سزاکانی بورسا کرد، دەرکەوت، کە بۆ ٦ مانگ چاوپێکەوتنی پارێزەران و بۆ ٣ مانگیش چاوپێکەوتنی بنەماڵەکان لە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و زیندانیانی دیکە لە ئیمراڵی عومەر خەیری کۆنار و حامیلی یڵدرم و وەیسی ئاکتاش قەدەغە کراوە.
پارێزەر ئیبراهیم بیلمەز ڕایگەیاند، بۆ بینینی موەکیلەکانیان سەردانی چەندین شوێنیان کردووە و لەو بارەیەوە باسی لەو نادادی و نایاسایی و بێ مافییەکان و پێشێلکارییەکان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد.
بیلمەز ڕایگەیاند، لە ٢٢ی تشرینی دووەم دا بۆ داوای "چاوپێکەوتنی بەپەلە" سەردانی دەسەڵاتی دادگای سزاکانی بورسایان کردووە و وتی، "لەو سەردانەدا ڕامانگەیاند، ئێمە بۆ ماوەی ٨ مانگە بەڕێز ئۆجالان و هەر ٣ موەکیلەکەى ترمان نەبینیوە و ویستمان زانیاری لەبارەی باری تەندروستی و یاسایی و مافەکانیان بەدەست بهێنین. لە هەمان ڕۆژدا وەڵامی سەردانەکەیان داینەوە. لە وەڵامەکەیاندا رایانگەیاندووە، سزایان بۆ بڕاوەتەوە و بۆ ماوەى ٦ مانگ چاوپێکەوتن لەگەڵ پارێزەران قەدەغە کراوە".
"موەکیلەکانمان ئەمجارە بە پێویستیان نەزانیوە تانە لە بڕیارەکە بدەن"
بیلمەز ڕایگەیاند، ئەوە بڕیارێکی هەڕەمەکی و میزاجییە و ئەو بڕیارە لە ١٢ی تشرینی یەکەمدا دراوە، بەڵام ئێستا پارێزەرانی لێ ئاگادار کراوەتەوە و ڕاشیگەیاند، هاوکات بەڕێوبەرایەتیی زیندانی ئیمراڵی بە ناوی سزای دیسپلینیەوە سزای ٣ مانگ قەدەغەى چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیاندا بەسەر موەکیلەکانماندا سەپاندووە.
بیلمەز جەختی لەوەکردەوە، چیتر گۆشەگیری لە ئیمراڵی بە لۆژیک و یاسا ڕوون ناکرێتەوە، چونکە موەکیلەکانیان دەزانن، کە بڕیارەکان هەڕەمەکی و میزاجی و سیاسین و لەبەر ئەوەش بە پێویستیان نەزانیوە تانەیان لێ بدەن.
بیلمەز وتی: "پێشتر لە سایەی ناڕەزایەتی و تانەی موەکیلەکانمانەوە لە هۆکارەکانی قەدەغەکردنی چاوپێکەوتنەکان تێدەگەیشتن، بەڵام ئەمجارەیان نە بەڕێز ئۆجالان و نە موەکیلەکانی تریشمان تانەیان لە بڕیارەکە نەداوە. وادیارە ئەوان هەرگیز بە پێویستیان نەزانیوە بۆ ئیدانەکردنیش تانەى لێ بدەن، بەڵام ئێمەی پارێزەران بەردەوام دەبین لەسەر درێژەدان بە پرۆسەی یاسایی و مافدارانەکان".
بیلمەز لەبارەی ڕاپۆرتی سی پی تی لە ساڵی ٢٠١٩ لەسەر ئیمراڵی وتی، سی پی تی ڕایگەیاندبوو، زیندانییەکانی ئیمرالی لە بەر هۆکاری بێ بنەما و پوچ سزا دەدرێن و ئەوەى روودەدات و دەسەپێنریت ئیدی مرۆڤ ناتوانێت بڕوا و قەناعەتی پێ بکات.
بیلمەز وتیشی: هەر کەسێک لە پشت ئەو بڕیارانەوە بێت خۆی فریو دەدات. کەموکوڕیش لە کۆمیتەى دژ بە ئەشکەنجەى ئەنجوومەنی ئەوروپا (سی پی تی)دا هەیە، بۆیە تورکیا بەو شێوەیە بەردەوامی بەو گۆشەگیرییە دەدات. هەر خۆی سی پی تی لەسەر بڕیارەکانی خۆی راناوەستێت، یان بڕیارەکانی چاودێری و کۆنترۆڵ ناکات. لەبەر ئەوەی رۆژ بە رۆژ بارودۆخەکەش خراپتر دەبێت. تورکیا نە بەپێی سی پی تی و نە بەپێی ئەوروپا ناجوڵێتەوە. سەبارەت بە قەدەغەکردنی چاوپێکەوتن لەگەڵ پارێزەراندا ئیمە دیسانەوە جارێکی تر سەردانی سی پی تی دەکەینەوە".
بیلمەز ڕایگەیاند، نیگەرانن و هەفتەى رابردوو سەردانی وەزارەتی داد، بەڕێوەبەرایەتیی گشتی سزا و راگرتن لە وەزارەتی داد، لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی تورکیا، کۆمەڵەکانی پارێزەران، یەکێتیی کۆمەڵەی پارێزەران لە تورکیا و سەردانی چەندین ڕێکخراوی مەدەنیی تریان کردووە.
"گۆشەگیری لە ئیمراڵی بە واتای چارەسەرنەکردنی پرسی کورد دێت"
بیلمەز ئاماژەی بەوەدا، کەشی سیاسی لە تورکیا و گۆشەگیریی لە ئیمراڵی لە یەکتر دوور نین و وتی: "بێ یاسایی و بێ مافی لەسەر ئیمراڵی هەیە، وڵاتیش لە بنەما و پرەنسیپەکانی یاسا و مافەکان دوور کەوتوووەتەوە. ئەمەش مانای چارەسەرنەکردنی کێشەی کورد دەگەیەنێت. چارەسەرنەکردنی کێشەی کوردیش واتە تورکیا لە دیموکراسی دوور دەکەوێتەوە. ئەوەی ئەمڕۆ لە ئیمراڵی روودەدات و پێشێلکارییەکان لە تورکیا ئیدی لەلایەن مرۆڤەکانەوە بە شتێکی ئاسایی دەبینرێن. ئەوە زۆر هەڵەیە. پێویستە هەموو کەسێک بەرامبەر ئەو ناسایی و بێ مافی و پێشێلکارییانە هەڵوێست و کاردانەوەی دیموکراتیکی خۆی نیشان بدات".
"پێویستە ئەنجومەنی ئەوروپا جدییەتی خۆی نیشان بدات"
بیلمەز ڕایگەیاند، دەبێت کۆمیتەى وەزیرانی ئەنجومەنی ئەوروپاش راوەستە لەسەر بڕیارەکەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا لەبارەی ئۆجالانەوە بکات و پێی پابەند بێت و وتی، "پێویستە کۆمیتەى وەزیرانی ئەنجومەنی ئەوروپاش جدییەتی خۆی نیشان بدات. ئەگەر بنەما و پرەنسیپە یاساییەکانی ئەنجومەنی ئەوروپا تەنها لەسەر کاغەز نەبێت، ئەوا دەبێت هەرچی پێویست بێت ئەنجامی بدەن. ئەگەر بابەتەکانی سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ و ئازادییەکان لە پەیماننامەی مافەکانی مرۆڤ دا تەنها لەسەر کاغەز نەبێت، ئەوا دەبێت ئەوەى پێویستە ئەنجامی بدەن. دەبێت لە بەرنامە و رۆژەڤیاندا باسکردن لە سزای هەمیشەیی قورسکراو هەبێت. ئێمە داوا لە کۆمیتەى وەزیران دەکەین ئەو ئیرادەیە لە خۆیان نیشان بدەن. نیگەرانیەکانمان ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبووندایە. ئێمە لە هەوڵەکانمان بەردەوام دەبین. ئیدی دەبێت کۆتایی بەو بێ یاسایی و بێ مافییە بهێنرێت".
ژ.ت