پارێزەرانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و زیندانیانی دیکە لە ئیمرالی عومەری خەیری کۆنار، حامیلی یڵدرم و وەیسی ئاکتاش سەردانی داواکاری گشتیی بورسا و بەڕێوبەرایەتیی زیندانی ئیمرالیان کرد تاوەکو بڕۆن بۆ ئیمرأڵی و چاوپێکەوتن لەگەڵ موەکیلەکانیاندا ئەنجام بدەن.
سەردانەکە لەلایەن پارێزەران نەرۆز ئویسال، ئیبراهیم بیلمەز، مەزڵوم دینچ و سەربای کۆکلو-ەوە ئەنجام دراوە.
ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ساڵی ١٩٩٩ەوە لە ئیمرالی لە ژێر گۆشەگیرییەکی قورس و تونددایە.
دواینجار عەبدوڵا ئۆجالان لە ٢٥ی ئازاردا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ براکەیدا کردبوو، بەڵام ئەو پەیوەندی و قسەکردن لە کاتی قسەکردن پچڕێنرابوو و رێگا نەدرابوو پەیوەندییەکە بە تەواوەتی ئەنجام بدرێت.
پارێزەرانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دوای ٨ ساڵ لە ٢ و ٢٢ی ئایار، ١٢ و ١٨ی حوزەیران و ٧ی ئابی ٢٠١٩ دا توانیان موەکیلەکەیان ببینن. لە ٧ی ئابی ٢٠١٩ەوە داواکاریەکانی پارێزەران بۆ رۆیشتن بۆ ئیمراڵی و ئەنجامدانی چاوپێکەوتن وەڵامنەدراونەتەوە.
لە ٢٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١دا پارێزەران سەردانی دادگای سزاکانی بورسایان کرد بۆ ئەوەی "بە خێرایی" چاوپێکەوتن ئەنجام بدەن، بەڵام دوای سەردانەکە دەرکەوت ٢ سزای نوێ بۆ قەدەغەکردنی چاوپێکەوتن بەسەر عەبدوڵا ئۆجەلاندا سەپێنراوە.
دادگای سزاکانی بورسا داوای پارێزەرانیان بۆ ئەنجامدانی چاوپێکەوتن ڕەتکردەوە و هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندانەوە لە ١٢ی تشرینی یەکەمەوە بۆ ماوەى ٦ مانگ ئەنجامدانی چاوپێکەوتنەکان لە ئۆجالان قەدەغە کراون.
هەمان دادگا دیسانەوە سەردان و داوای بنەماڵەکان بۆ ئەنجامدانی چاوپێکەوتن رەتکردەوە و هۆکاری رەتکردنەوەى ئەو داوایەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، کە لە ١٨ی ئابەوە بۆ ماوەى ٣ ئەنجامدانی چاوپێکەوتن لە ئۆجالان قەدەغە کراوە.
ژ.ت