ژوری ڕەوەندی کوردیی بزوتنەوەی گۆڕان بە ڕاگەیاندراوێکی نوسراو بۆ ڕای گشتی ئاماژەی بە مەترسی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر کرد و ئاماژەی بە بێدەنگی بوونی لایەنە سیاسیەکانی باشووری کوردستان کرد و دەڵێت: " هەر ھێز و لایەنێکی عێراقی و کوردی لە باشووری کوردستان ئاسانکاری و ھاوکاری ئەو داگیرکارییەی دەوڵەتی تورکیا بکات، دەچێتە چوارچێوەی خیانەت و مێژو لەبیری ناکات."
ڕاگەیەندراوەکەی ژوری ڕەوەندی کوردیی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ ڕای گشتی بەم شێوەیە:
"ئێمە لە ئۆرگانەکانی بزوتنەوەی گۆڕان لە دیاسپۆرا، پرۆتێستی لەشکرکێشیەکانی تورکیا و شەڕ و بۆردوومانکردنی سەر ھەرێمی کوردستان دەکەین، وە بە ئەرکی نیشتمانی خۆمانی دەزانین بێ دەنگ نەبین .
بێدەنگ نەبونیشمان پەیوەندی بە پیلانگێڕییەکی گەورە و مەترسیدار هەیە لەسەر قەوارەی دەستوریی هەرێمی کوردستان. لەبەرامبەریشدا حزبە دەسەڵاتدارەکانی ھەرێم به بێدەنگی و بێ ھەڵوێستیان لە مەڕ لەشکرکێشی و پێشێلکاریە کانی دەوڵەتی تورک، دەبنە هاوکاری ئەو پیلانگێڕییە فروانخوازییە.
هاوکات لاوازی هەڵوێستی حکومەتی هەرێم مایەی ڕەخنەیە، کە نەیتوانی لەبەرامبەر داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکدا بێتە دەنگ و ڕێگای بۆ هاتنی جێگیربوونی هێزی عێراق کردەوە، چۆن داگیرکاری و سنوربەزاندنەکانی تورکیا قبوڵ دەکات بە درێژای (٤٠ ) کیلۆمەتر بۆ ناو خاکی هەرێم؟ چۆن شوێنی خۆی چۆڵ دەکات بۆ سوپای تورکیا؟ چۆن سەنگەری تورکی دەپارێزێت لە ناو خاکی خۆیدا؟
لەو سۆنگەیەوە ، داوا لە هەموو هێزە سیاسییەکان دەکەین، پێکەوە ھەڵوێستی جدیمان ھەبێ و با لە ئیستا بە دواوە ڕێگە نەدەین فەزای خیانەتکاری و داردەستی بۆ دوژمنانمان فراوان و دەستکراوە بێت.
چونکە یەکێک لە ئەگەرە مەترسیدارەکان هێرشی تورکیا دەبێتە مایەی سەرلەنوێ بوژانەوەی داعش و زیندوبونەوەی گەرای تیرۆر و مەترسی زیاتر لەسەر ئاسایش و ئارامی هاونیشتمانیان، لەو ڕاستیەوە نیگەرانى خۆمان نیشاندەدەین لەوەى بەرپرسى هەواڵگرى توركیا دێته عێراق و سەردانى لایەنەکان دهكات و بڕیار لەچارەنوسى عێراق دەدات و هێز و لایەنسیاسیەکان بێدەنگن، هەربۆیە هەر ھێز و لایەنێکی عێراقی کوردی لە باشور ئاسانکاری و ھاوکاری ئەو داگیرکارییەی دەوڵەتی تورکیا بکات، دەچێتە چوارچێوەی خیانەت و مێژو لەبیری ناکات. ئێمە تەواوی ئۆرگانەکانمان ڕادەسپێرین تەواوی دەستدرێژو تاوانەکانی داگیرکەران بەگشتی و دەوڵەتی تورکیابەتایبەتی بگەیەنین بەسەرجەم دامودەزگا حکومی و نیودەوڵەتیەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ."