بە دیمەن

چالاکوانانی ژنێڤ: ناتوانن بە گۆشەگیری ڕامانبهێنن

چالاکییەکەی ژنێڤ بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەردەوامە، تێیدا گوترا "پێویستە سی پی تی و کۆنسەی ئەوروپا دەست لە بێدەنگی خۆیان هەڵبگرن کە دەچێتە خزمەتی قڕکردنی کوردانەوە، هەروەها گوێ لە دەنگی ملیۆنان کورد بگرن".

چالاکی دانیشتنی کوردستانیان بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لەبەردەم بینای نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوامە، لەم هەفتەیەدا شەهیدانی ١٤ ی تەمموز یادکرانەوە، شەڕی داگیرکاری و پاکتاوی دەوڵەتی تورک بە هاوکاری پەدەکە شەرمەزارکرا.

چالاکی ئەم هەفتەیە لەلایەن ئەندامانی تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێڕ (تەجەشە) و ژنانی گەنجی تێکۆشەر (تێکۆژن) بەڕێوەبرا.

چالاکییەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن بۆ یادی شەهیدانی بەرخۆدانی ڕۆژووی مردنی مەزنی ١٤ ی تەمموزی ١٩٨٢، دەستی پێ کرد.

پاشان لەسەر ناوی هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" توبا یەڵماز قسەی کرد و بەرخۆدانی ١٤ ی تەمموزی بیرهێنایەوە، تیشکی خستەسەر هێرشی داگیرکاری دەوڵەتی تورک بە هاوکاری پەدەکە لەسەر کوردستان و بانگەوازی لە پەدەکە کرد دەست لە هێڵی خیانەت هەڵبگرێت.

لەسەر ناوی تەجەشە و تێکۆژن، یەکبوون گونەش قسەی کرد و تیشکی خستەسەر گۆشەگیری ٢٦ ساڵەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، گوتی: "ناهێڵن ڕێبەر ئاپۆ چاوی بە پارێزەران و بنەماڵەکەی بکەوێت. ئەمە ٤ ساڵي پەیوەندی بە دەەرەوە نەماوە. دەربارەی تەندروستی و ژیانی ڕێبەر ئاپۆ هیچ هەواڵێک نییە. وەڵامی داواکارییەکانی چاوپێکەوتنی پارێزەران و بنەماڵەکەی نادەنەوە".

هەر لە درێژەدا گونەش گوتی: "دەیانەوێت گۆشەگیری ڕێبەر ئاپۆ قبووڵ بکەین. ئێمە هەرگیز ئەمە قبووڵ ناکەین. پێویستە سی پی تی بەبێ پاساوهێنانەوە، دەستبەجێ بچێتە ئیمراڵی. پێویستە سی پی تی و کۆنسەی ئەوروپا دەست لە بێدەنگی خۆیان هەڵبگرن کە دەچێتە خزمەتی قڕکردنی کوردانەوە، هەروەها گوێ لە دەنگی ملیۆنان کورد بگرن".

پاشان پەیامی کەجەدەکە-ئە خوێنرایەوە بۆ بەرگریکردن لە ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و دژایەتیکردنی سیستەمی ئەشکەنجەی ٢٦ ساڵەی ئیمراڵی.