چالاکی "دەنگت بخەپاڵ ئازادی": کۆتایی بە گۆشەگیری ئیمراڵی بهێنن

لە چالاکی "دەنگت بخەپاڵ ئازادی" لەبەردەم زیندانی باکرکۆ، هاوسەرۆکانی گشتی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری و تونجەر باقرخان داوای هەڵگرتنی گۆشەگیری ئیمراڵی و ئازادکردنی زیندانیانیان کرد.

خزمی زیندانیان و کۆمەڵەی پشتیوانی لە بنەماڵەی زیندانیان و حکومدراوانی مەڕمەڕە لە چوارچێوەی کەمپەینی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" لەبەردەم زیندانی ژنانی باکرکۆ چالاکی "دەنگت بخەپاڵ ئازادی"یان ئەنجامدا.

لە چالاکییەکەدا هاوسەرۆکی گشتی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) تولای حاتەم ئۆغۆللاری گوتی: "بەردەوامبوونی گۆشەگیری ئیمراڵی ئاستەنگێکی مەزنە لەبەردەم چارەسەری دیموکراتیک و ئاشتییانەی پرسی کورد. پێویستە دەستبەجێ گۆشەگیری ئیمراڵی هەڵبگیرێت. دەبێت مامەڵەی خراپ ونامرۆڤانە بەرامبەر زیندانیان و بەتایبەت زیندانیانی نەخۆش کۆتایی بێت".

لای خۆیەوە هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تونجەر باقرخان ڕایگەیاند پرسی کورد سەرەکیترین پرسی وڵاتەکەیە و ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئەکتەری سەرەکییە لە چارەسەردا، گوتی: " عەبدوڵا ئۆجالان دەڵێت "با بە گفتوگۆ و دانوستان پرسی کورد چارەسەر بکەین"، بۆچی بەدوای چارەسەردا ناگەڕێن؟. گفتوگۆ و دانوستان ئەم وڵاتە دابەش ناکات. ئەو زیهنیەتەی کە کورد و ئۆپۆزیسیۆنەکان دەخاتە زیندان و ئەشکەنجەیان دەدات، تورکیا دابەش دەکات. چارەسەرکردنی کێشەی کورد لەڕێگەی بەردەنگەکانەوە هیچ زیانێک بەم وڵاتە ناگەیەنێت. ئەم سەپاندنانەی ئێوە زیان بە وڵات دەگەیەنێت".

لەکۆتاییدا باقرخان گوتی: "گۆشەگیری هەڵبگرن و وەک ساڵی ٢٠١٥، بۆ چارەسەری پرسی کورد لەسەر مێزی گفتوگۆ و دانوستان دابنیشن. لەگەڵ بەردەنگەکان دابنیشن. وەرن با وەک مرۆڤ وتوێژ بکەین".

پاشان چالاکی دانیشتن ئەنجامدرا.