چالاکییەکان دژی گۆشەگیری بەردەوامە: لە ئیمراڵی تاوانی مرۆڤایەتی ئەنجام دەدرێت!

لە چالاکییەکان کە بە داخوازی "کۆتایی بە گۆشەگیری بهێنە" ئەنجام دەدرێن، دەستنیشان کرا لە ئیمراڵی تاوانی مرۆڤایەتی ئەنجام دەدرێت و بانگەوازکرا بۆ تێکۆشانی هاوبەش دژی گۆشەگیری.

چالاکییەکانی "کۆتایی بە گۆشەگیری بهێنە" بە پێشەنگایەتی بنەماڵەی زیندانیان لەبەردەم بینای ئاکەپە ١٣ هەفتەیە بەردەوامە.

ئەدەنە

چالاکییەکەی بنەماڵەی زیندانیان لە ئەدەنە ١٣ هەفتەیە بەردەوامە. جەماوەر لەبەرامبەر بینای ئاکەپەی ئەدەنە کۆبوونەوە و داوایان کرد دەستبەجێ کۆتایی بە گۆشەگیری بهێنرێت. پۆلیس دەوری بیناکەی گەمارۆدا و جەماوەر ناڕەزایەتییان بەرامبەر ئاستەنگی پۆلیس نیشاندا، پارت و ڕێکخراوەکان لە چالاکییەکەدا بەشداربوون.

لە چالاکییەکەدا درووشم و پانکارتەکان دژی گۆشەگیری بەرزکرنەوە، لەسەر ناوی جەماوەر، هاوسەرۆکی کۆمەڵەی پشتیوانی لە بنەماڵەی زیندانیان و حکومدراوانی ئاکدەنیزی ئەدەنە، نوران ئۆزدەش ڕاگەیاندراوێکی خوێندوە و تیشکی خستەسەر گۆشەگیری ئیمراڵی کە بە هەموو جڤاکدا بڵاوبووەتەوە، گوتی: "بۆ چارەسەری پرسی کورد و دیموکراتیکبوونی تورکیا، پێویستە گۆشەگیری سەر بەڕێز ئۆجالان هەڵبگیرێت". ئۆزدەش بانگەوازی لە هەموو بەشەکانی جڤاک کرد تێکۆشانی هاوبەش بکەن بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیری.

ڕاگەیاندراوەکە بە چالاکی دانیشتن و چەپڵەڕێزان کۆتایی هات.

مێرسین

چالاکییەکەی بنەماڵەی زیندانیان لە مێرسین ١٣ هەفتەیە بەردەوامە، ڕێپێوانی جەماوەر بەرەو بینای ئاکەپە لەلایەن پۆلیسەوە ئاستەنگ کرا و گەل بە درووشمی "زیندانیانی سیاسی شکۆی ئێمەن" و "ژن، ژیان، ئازادی" چالاکی دانیشتنیان ئەنجامدا.

هاوسەرۆکی دەم پارتی ئاکدەنیز، نزار ئەسەن دووپاتی کردەوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەم وڵاتە پێویستە بەزووترین کات گۆشەگیری سەر ڕێبەر گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان هەڵبگیرێت.

چالاکی دانیشتن بە بەرزکردنەوەی درووشم کۆتایی هات.

وان

چالاکییەکەی وان بە پێشەنگایەتی کۆمەڵەی پشتیوانی و هاوکاری بنەماڵەی زیندانیان و حکومدراوانی وان و بنەماڵەی زیندانیان بەردوامە. سەباحەت تونجەل و چەندین کەس بەشداری چالاکییەکە بوون.

هاوسەرۆکی دەم پارتی توشبای، ڕەفیق چیدال ڕایگەیاند ئاکەپە و وەزارەتی داد هەوڵدەدەن ڕەوایەتی بە گۆشەگیری بدەن، بانگەوازی لە نووسینگە یاساییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕای گشتی دیموکراتیک کرد ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن.

پاشان جەماوەر بۆ ماوەی ٥ خولەک چالاکی دانیشتنیان ئەنجامدا و درووشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "بژی بەرخۆدانی زیندان"یان بەرزکردەوە.