چالاکییەکانی "کۆتایی بە گۆشەگیری بهێنن": بە بەرخۆدان سەردەکەوین

چالاکی خزمی زیندانیان دژی گۆشەگیری ئیمراڵی ١٥ هەفتەیە بەردەوامە، پەیامدرا "بە بەرخۆدان سەردەکەوین".

خزمی زیندانیان بە داخوازی ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری سیاسی پرسی کورد، ١٥ هەفتەیە کۆدەبنەوە، چالاکییەکانی ئەم هەفتەیە لە شارەکانی وان و ئەدەنە و مێرسین بەردەوام بوو، ئەندامانی پارت و ڕێکخراوەکان تێیدا بەشداربوون. درووشم و پانکارتەکان دژی گۆشەگیری بەرزکرایەوە.

لە چالاکییەکەی وان بەڕێوەبەری دەبەپەی ناوچەی توشبای، ئەمین باگاتور قسەی کرد، تیشکی خستەسەر گرتنی هاوڵاتیان بەهۆی ئەنجامدانی هەڵپەڕکێ و چڕینی گۆرانی کوردی، ئاماژەی بەوە کرد ئەم سیاسەتە سەد ساڵ تورکیا دەگەڕێنێتەوە بۆ دواوە.

هەروەها تیشکی خستەسەر گۆشەگیری توندی ئیمراڵی و ڕایگەیاند داواکاری بنەماڵە و پارێزەران بە پاساوی "سزای دیسپلین" ڕەتکراونەتەوە، داوای لە نووسینگە یاساییەکان و ڕێکخراوەکان و وەزارەتی داد  و بەتایبەت سی پی تی کرد، "دژی ئەم سیاسەتە نایاسایی و ناهەقانە و گۆشەگیری لە زیندانەکانی تورکیا، ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن".

لە چالاکییەکەی ئەدەنە، هاوسەرۆکی دەم پارتی ئەدەنە سەیفەدین ئایدەمیر ڕایگەیاند گۆشەگیری ئیمراڵی لە تەواوی جڤاک بڵاوبووەتەوە و سەرچاوەی هەموو کێشەکانە، داوای کرد دەستبەجێ بۆ چارەسەری دیموکراتیک و ئاشتیانە هەنگاو بنرێت.

لە چالاکییەکەی مێرسین، هاوسەرۆکی دەم پارتی شارەکە، ڕەشاد ئاشان ڕایگەیاند دەسەڵات دەیەوێت لەڕووی چاندی و سیاسییەوە تەسفیە بکات بەڵام سەرناکەون، جەختی کردەوە هەڵگرتنی گۆشەگیری ڕێگە بۆ پرۆسەیەکی نوێی دیالۆگ دەکاتەوە، جەختی کردەوە ڕێگەی چارەسەر لە ئیمراڵییە و پێویستە دانوستان بکرێت، گوتی: "سیاسەتی گۆشەگیری ئەم وڵاتە بەرەو وێرانبوون دەبات، پێویستە دەستی لێ هەڵبگیرێت. بناغەی گفتوگۆ و چارەسەر لە تورکیا و کوردستان ئەوەیە، دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن، ئیرادەیەک بگرنەبەر. پێویستە ئەم ئیرادەیە دەستبەجێ پیشان بدرێت".