چالاکییەکانی "کۆتایی بە گۆشەگیری بهێنن": پرسی کورد لەڕێگەی عەبدوڵا ئۆجالانەوە چارەسەر دەبێت

خزمی زیندانیان لە چالاکی "کۆتایی بە گۆشەگیری بهێنن" کۆبوونەوە، داوایان کرد دیدار لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجام بدرێت، گوتیان: "هەتا گۆشەگیری ئیمراڵی بەردەوام بێت، کێشەکان چارەسەر نابن".

چالاکی "کۆتایی بە گۆشەگیری بهێنن" خزمی زیندانیان لە چوارچێوەی کەمپەینی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد"، ١٦ هەفتەیە بەردەوامە. خزمی زیندانیان لە وان ڕایانگەیاند "پرسی کورد، پرسی سەرەکی تورکیایە. ئەکتەری سەرەکی پرسی کورد، بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالانە".

وان

لە چالاکییەکەی وان، لەبەردەم بینای دەم پارتی لە ڕێگەی ئاوریشمی وان ڕاگەیاندراو خوێنرایەوە. پارت و ڕێکخراوەکان و چالاکوانان لە چالاکییەکەدا بەشداربوون. یەک لە بەڕێوەبەرانی دەبەپەی ڕێگەی ئاوریشم، حەسەن شاهین ڕاگەیاندراوەکەی خوێندەوە.

حەسەن شاهین ڕایگەیاند هەزاران زیندانی نەخۆش و کەم‌ئەندام و مناڵ ڕەوشیان لە مەترسیدایە و دەبێت ئازاد بکرێن، بەڵام دەسەڵات چاوەڕێی مردنی ئەوانە، ساڵانە زیاتر لە ١٠٠ زیندانی گیان لەدەست دەدەن، پێویستە دەسەڵات نەبێتە هاوبەشی تاوان و بەگوێرەی یاساکان مامەڵە بکات.

شاهین تیشکی خستەسەر گۆشەگیری ڕەهای سەر ڕێبەر گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، ڕایگەیاند بنەماڵە و پارێزەران سەدان جار داوای دیداریان کردووە، بەڵام لەلایەن داواکاری گشتی بۆرسا و زیندانی ئیمراڵییەوە، وەڵامی داواکارییەکان نەدراوەتەوە، بە پاساوی "سزای دیسپلین" ڕەتکراونەتەوە.

ڕاگەیاندراوەکە بە چالاکی دانیشتن و بەرزکردنەوەی درووشمی "بژی بەرخۆدانی زیندان" کۆتایی هات.

ئەدەنە

چالاکییەکەی ئەدەنە، ١٦ هەفتەیە بەردەوامە. جەماوەر لەبەردەم بینای ئاکەپەی ئەدەنە کۆبوونەوە، داوایان کرد دەستبەجێ گۆشەگیری ئیمراڵی هەڵبگیرێت. بەڕێوەبەرانی پارت و ڕێکخراوەکان بەشداربوون، جەماوەر لەلایەن پۆلیسەوە ڕێگریان لێ کرا.

ڕاگەیاندراوەکە لەلایەن هاوسەرۆکی دەم پارتی ئەدەنە، سەیفەدین ئایدەمیر خوێنرایەوە، ئایدەمیر گوتی: "پرسی کورد، پرسی سەرەکی تورکیایە، ئەکتەری سەرەکی چارەسەری پرسی کورد، بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالانە. بەڕێز ئۆجالان لە زیندانی ئیمراڵی لەناو هەلومەرجێکی سەختدا گۆشەگیرکراوە. بەڕێز ئۆجالان دەڵێت، وەرن پرسی کورد لەڕێگەی گفتوگۆ و دانوستانەوە چارەسەر بکەین. ئەم پرسە لەڕێگەی بەردەنگەکانەوە چارەسەر دەکرێت. بە ڕێگەی ئاشتییانە و دیموکراتیک چارەسەر دەکرێت. دەست لە سیاسەتی ناچارەسەری هەڵبگرن. کۆتایی بە پێشێلکارییەکانی نێو زیندانەکان و سەپاندنە دژە دیموکراتیکەکان بهێنن".

ڕاگەیاندراوەکە بە چالاکی دانیشتن و چەپڵەڕێزان کۆتایی هات.