چیدەم کلیچگون ئوچار: دەرگاکانی ئیمراڵی بکەنەوە

هاوسەرۆکی گشتی دەبەپە چیدەم کلیچگون ئوچار لە کۆنگرەکەی دیلۆک تیشکی خستەسەر گۆشەگیری و دووپاتی کردەوە ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان پێشمەرجی چارەسەرە.

ڕێکخستنی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) لە دیلۆک بە درووشمی "بە جڤاکی ڕێکخراو بەرەو ژیانی ئازاد"، حەوتەمین کۆنگرەی خۆی بەست.

کۆنگرەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن دەستی پێ کرد و درووشمی "شەهید نامرن بەرزکرایەوە". پاشان هاوسەرۆکی گشتی دەبەپە چیدەم کلیچگون ئوچار قسەی کرد، تیشکی خستەسەر هێرشی دەوڵەتی تورک بە هاوکاری پەدەکە بۆ سەر باشووری کوردستان، کۆمەڵکوژی شەنگالی بیرهێنایەوە و گوتی: "کوردەکان جیهانیان لە بەربەریزمی داعش ڕزگار کرد، بەڵام ئاکەپە-مەهەپە دەیانەوێت دیسان داعش زیندوو بکەنەوە، لە هێرشەکانی سەر هەرێمی فیدراڵی کوردستان ئەم چەتانە بەکاردەهێنرێن. ئاکەپە-مەهەپە هەوڵ دەدەن بەدەستی داعش کوردستان بخەنە ژێر ڕکێفی خۆیان. بەڵام هەرچی بکەن، ئێمە دەستبەرداری بەهاکانمان نابین".

هەروەها ئوچار تیشکی خستەسەر گۆشەگیری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، گوتی: "ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان بۆ چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد زۆر گرنگە. دەسەڵات پێویستی بە بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالانە. دەرگاکانی ئیمراڵی بکەنەوە. بەڕێز ئۆجالان کاریگەری لەسەر گەلانی تورکیا هەیە".

ئوچار ئاماژەی کرد بە هێرشەکان بۆ سەر چاند و زمانی کوردی و گوتی: "هەرچی بکەن درووشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" ڕاستییەکە. هەرچی بکەن درووشمی ئاشتی هەر "بژی سەرۆک ئاپۆ"ـیە و ئێمەش هەردەم ئەم درووشمە بەرز دەکەینەوە".

لەوکاتەدا ئامادەبووان درووشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ"یان بەرزکردەوە.

پاشان جاندان یاڤوزەر و محەمەد ئۆزکان وەک هاوسەرۆکانی دەبەپەی دیلۆک هەڵبژێردران.

کۆنگرەکە بە هەڵپەڕکێ و گۆرانی کوردی کۆتایی هات.