دکتۆر ڕۆلف گۆسنەر پارێزەر لە زانکۆی برێمن بەرامبەر گۆشەگیریی ئیمرالی کاردانەوەی نیشاندا و هەڵوێستی دامەزراوە ئەوروپیەکانی سەبارەت بە کێشەی کورد دەربڕی و داوای گرتنەبەری رێکاری جددی لەو بارەوە کرد.
لە کاتێکدا گۆشەگیریی توند لەسەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەردەوامە سەدان ڕۆشنبیر، ئەکادیمی، نووسەر و سیاسەتمەدار لە سەرانسەری جیهان نامەیەکیان بۆ کۆمیتەی نەهێشتنی ئەشکەنجەی ئەنجومەنی ئەوروپا(سی پی تی) ناردووە و داوای سەردانی دەستبەجێیان بۆ ئیمرالی کردووە.
یەکێک لەو کەسایەتیانەی کە نامەکەی واژۆ کردووە، دکتۆر رۆلف گۆسنەر لەو بارەیەوە قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات کرد.
لە سەرەتای قسەکانیدا گۆسنەر ڕایگەیاند کە تۆڕی پشتیوانی ئەڵمانی وەڵامی سی پی تی وەرگرتووە بۆ کەمپەینی 'ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ کێشەی کورد'، و وتی: "ئەم وەڵامە نیشان دەدات، کە کۆمیتەی بەرەنگاربوونەوەی ئەشکەنجەی ئەنجومەنی ئەوروپا چاودێری دۆخی بەڕێز ئۆجالان و زیندانیانی دیکەی زیندانی ئیمرالی دەکات و بەردەوام دەبێت. کۆمیتەی شارەزایانی سی پی تی دوایین جار لە ٢٠٢٢کە سەردانی ئیمرالی کردبوو، دۆخی زیندانیانی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تورکیا باس کردبوو.
سەبارەت بەم لێدوانانەی سی پی تی، دکتۆر گۆسنەر وتی: "بەداخەوە، ئەم وەڵامە گونجاو تەواو نییە. سی پی تی باسی هەنگاوێکی کاریگەر نانێت. لەگەڵ ئەوەشدا، لە دوایین سەردانی سی پی تی بۆ ئیمرالی لە ئەیلولی 2022، لە ماوەی دوو ساڵدا هیچ کردەوەیەکی ئەرێنی لە گۆشەگیریدا ڕووینەداوە واتە هیچ شتێک نەگۆڕاوە. ئەم دۆخە نیشانی دەدات کە سی پی تی هیچ کاریگەرییەکی لەسەر دەسەڵاتداران و سەرکردە سیاسییەکانی تورکیا نییە."
لە درێژەی قسەکانیدا، دکتۆر گۆسنەر وتی: "کاتی ئەوە هاتووە سی پی تی بە توندی ئیدانەی مەرجەکانی دژی مافی مرۆڤ بکات کە بەسەر عەبدوڵا ئۆجالان و زیندانیانی دیکەی ئیمرالی سەپێنراوە. تورکیا کە ئەندامی ئەنجومەنی ئەوروپایە واژۆی لەسەر پەیماننامەکانی ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ کردووە کە دەڵێت نابێت هیچ کەسێک بە شێوەیەکی نامرۆڤانە ئەشکەنجە بدرێت.
لەگەڵ ئەوەشدا لەو بارەیەوە، کەموکورتی گەورە و پێشێلکاری حکومەتی تورکیا هەیە، پێشێلکردنی بەردەوامی مافەکانی مرۆڤ، ئەندامێتی تورکیا لە ئەنجوومەنی ئەوروپا دەکاتە بابەتی قسەو باس. بۆ نموونە، بەڵگەنامەکان بە شێوەیەکی بەرفراوان بڵاو کراونەتەوە کە بەرپرسانی دەوڵەتی تورک کەسانێکی بەمانگ و ساڵ سزا داوە و خستوویەتیە تاکەکەسیەوە. وەک نموونە بەڕێز ئۆجالان چەندین ساڵە چاوپێکەوتن و سەردانی پارێزەران و ئەندامانی بنەماڵەکەی بە شێوەیەکی هەڕەمەکی و نایاسایی ڕاگیراوە، لێرەدا تورکیا بڕیارەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا پێشێل دەکات.
د. گۆسنەر ئاماژەی بەوەشدا کە بە نامە و داواکارییەکانیان دەیانەوێت یەکێک لە ئەرکەکانی سی پی تی بەبیری بهێننەوە، کە زیندانیان لە وڵاتێکی ئەندامی ئەنجومەنی ئەوروپا ئەشکەنجە دەدرێن و کردەوەی دژە مرۆڤی لە گەڵیان دەکرێت، بە تایبەت وەک کۆد لە دۆسیەی ئۆجالان دا دەبینرێت و وتی: "کۆمیتەی پسپۆڕانی سی پی تی ئەرکی لێکۆڵینەوەی بەرفراوانیان پێدراوە کە دەتوانێت لە کاتی سەردانەکانی بۆ زیندانەکان، مافی ئەوەی هەیە بە شێوەیەکی بێسنوور دەستی بگات بە زیندانەکان و ڕەوشی زیندانیان ئاگادار بێت و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بکات.
بۆیە سی پی تی دەتوانێت لە کەمترین کاتدا شاندێک بنێرێت بۆ ئیمرالی بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ زیندانیان کۆببێتەوە و بە شێوەیەکی سەربەخۆ بەدواداچوون بۆ مەرجەکانی دەستبەسەرکردن و گۆشەگیرییان بکات و دۆخی تەندروستی هەڵسەنگێنێت و لەگەڵ پارێزەران یان بنەماڵەکانیان کۆبوونەوە ئەنجام بدات. بەداخەوە بەرپرسانی سی پی تی ئەوەندە ئەو ئەرکانە بەجێ ناهێنن کە بتوانن مەرجەکانی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ بە شێوەیەکی هەمیشەیی چارەسەر بکرێت. بەڵام وەک پێوەرێک ڕاپۆرتی نهێنی پەیوەست بە سەردانەکانی ئامادە دەکات و دەیاننێرێت بۆ وڵاتانی ئەندام ئەمە بەدیلێکی گونجاو نییە بۆ چاک کردنی ڕەوشەکە.
دەرفەتی کاریگەری سنووردار هەیە، بەڵام ئەمە ئەو پرسیارە دروست دەکات کە ئایا سی پی تی و ئەنجومەنی ئەوروپا دژی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و ئەشکەنجەدانە لە ئیمرالی و زیندانەکانی دیکەی تورکیا یان نا؟ لە ڕاستیدا کاتی ئەوە هاتووە تورکیا ڕووبەڕووی دەرئەنجامە ڕاستەقینەکان بێتەوە سەبارەت بە پێشێلکارییە یاساییەکانی. ئەنجوومەنی پەرلەمانی ئەوروپا لە ساڵانی ٢٠٢١ و ٢٠٢٣دا گوشاری خستە سەر جێبەجێکردنی ڕێوشوێنی سزادان و جێبەجێکردن لە دژی تورکیا دەربارەی پێشێل کارییەکانی. وەک چۆن کاردانەوەیەکی جددی لە دژی شەڕ و دەستدرێژی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا ئەنجامدرا، دەکرێت تورکیا لە ئەنجومەنی ئەوروپاش دەربکرێت، بەڵام کاتێک ئەندامێتی ئەنجومەنی ئەوروپا نەمێنێ، دەوڵەتی ناوبراو بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی لە ڕێککەوتننامەکانی ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ دەکشێتەوە، واتە چیتر پابەند نابی بە ڕێککەوتنەکان."