دانیشتنی تایبه‌ت به دۆسیه‌ی دادگاییكردنی مسته‌فا ت. دوێنی له شاری میونخ به‌ڕێوه چوو.
به تۆمەتی "ئه‌ندامبوون له رێكخستن" دا سزای ساڵێك و ٤ مانگ زیندان به‌سه‌ر مسته‌فا ت. دا سه‌پێنرا و به مه‌رجی ئه‌وه‌ی له‌ژێر چاودێریدا بێت ئازاد کرا.
كاری سیاسی، كه‌مپینی هاوكاری، ئاماده‌كردنی پاس بۆ چالاكییه‌كانی كوردانی ناوه‌ندی و بڵاوكردنه‌وه‌ی پرسه‌نامه و داوا بۆ گێڕاندنی پرسە چه‌ند له‌و بابه‌تانه‌ن، كه مسته‌فا ت. پێی تاوانبار كراون. هه‌روه‌ها به‌شداریكردن له دۆسیه‌ی دادگایکردنی ٥ كوردستانی وه‌ك ئاماده‌بوو له دادگای ویلایه‌تی شتوتگارت، بووه بابه‌تێكی لەسەر مسته‌فا ت. بەو ئامادەبوونەش لە دادگادا تاوانبار كرا.
رێنێ باهنس پارێزه‌ری مسته‌فا ت. له باره‌ی دانیشتنه‌كه‌وه زانیاری خسته‌ڕوو و ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، دۆخی ته‌ندروستی موەکیلەکەی باش نییه، هه‌ر بۆیه پرۆسه‌ی دادگاییكردنه‌كه به خێرایی گه‌یشته ئه‌نجام.
باهنس باسی له‌وه‌شكرد، داواكاری گشتیی له دانیشتنه‌كه‌ی رۆژی دووشه‌ممه‌دا داوای كردبوو سزای ٢ ساڵ و ٢ مانگ زیندان به‌سه‌ر مسته‌فا ت. دا بسه‌پێنرێت، بۆ ئه‌و داوایەشی پشتی به قه‌ده‌غه‌بوونی په‌كه‌كه به‌ستبوو. باهنس ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، ئه‌و قه‌ده‌غه‌بوونه له‌سه‌رتاسه‌ری ئه‌وروپا ئابڕوچوونێكی سیاسیه و به بیری هێنایه‌وه، هاوشێوه‌ی مسته‌فا ت. ی موەکیلەکەى بە شێوەیەکی سیستماتیک و رێکوپێک گوشار و لێپێچینەوە و زۆرداری لەسەر بنه‌ماڵه‌كه‌ی و لە دژی ژمارەیەکی زۆری كورد له توركیا ئه‌نجام ده‌درێت.
باهنس له درێژه‌دا وتی، "به هۆی ئه‌وه‌ی گوشار، پێشێلكارییه‌كانی مافه‌كانی مرۆڤ، ئه‌شكه‌نجه، كوشتن و هێرشه‌كان له توركیا له لایه‌ن خودی ده‌سته‌ی دادگاوه بڵاوكرایه‌وه، بڕیارێكی ئه‌رێنی بۆ ئێمه ده‌رچوو. دادگا خۆی رایگه‌یاند، له توركیا كرده‌وه‌ی دژه یاسایی، گوشار و لێپێچینه‌وه هه‌یه. له‌و رووه‌وه مرۆڤ ده‌توانێت بڵێت، ئه‌نجامی دادگاییه‌كه ئه‌رێنی بووه. پسپۆڕێكی توركناسی كه به‌شداری دانیشتنه‌كه‌ی كردبوو، ئه‌و شتانه‌ی كه موەکیلەكهم باسی لێوه‌كردن، له چوارچێوه‌یه‌كی مێژوویدا هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ كردن و به ته‌واوه‌تی پشتڕاستی كردنه‌وه".
ئاڵاكانی یه‌په‌گه و یه‌په‌ژه یاسایین
هه‌ر له‌م نێوه‌دا له میونخ به بیانووی ئه‌وه‌ی ئاڵاكانی یه‌په‌گه، یه‌په‌ژه و په‌یه‌ده‌ی له سه‌ر دیجیتاڵ میدیا بڵاوكردوه‌ته‌وه، پۆلیس له ١٧ی تشرینی دووه‌می ٢٠١٧دا ههڵیكوتابوه سه‌ر ماڵی چالاكوان كه‌ره‌م شامبێرگێر. له دۆسیه‌كه‌ی شامبێرگێردا داواكاری گشتیی داوای سه‌پاندنی سزای ٦ هه‌زار و ٥٠٠ یۆرۆی كردبوو. له دانیشتنی بڕیارلێدان لەسەر دۆسیەکە، كه له ٢١ی كانونی یه‌كه‌م سازكرا بڕیاردرا کەرەم شامبێرگێر به بڕی ٤ هه‌زار یۆرۆ سزا بدرێت.
شامبێرگێر دوای بڕیاره‌كه به‌م جۆره هه‌ڵسه‌نگاندنی كرد، "سزایان بۆ من بڕیه‌وه، به‌ڵام له رووی سیاسییه‌وه ئێمه سه‌ركه‌وتین. به‌هۆی ئه‌وه‌ی له كانونی یه‌كه‌می ٢٠٢٠ ئێمه توانیمان له باڤاریا ئاڵاكانی یه‌په‌گه و یه‌په‌ژه هه‌ڵبده‌ین. ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌وه‌یه. ئه‌و ئیدانهكردنهی ئێستا بۆ سەر داواکاری گشتی وایکردووە، کە داواكاری گشتی ده‌یخواست تۆڵه‌ی خۆی بكاته‌وه و بۆ ئەوەش به شێوه‌یه‌كی سیاسی هاندرابوو".
سه‌باره‌ت به سزاكه‌ش كه‌مپینێك له سه‌ر دیجیتاڵ میدیا بۆ شامبێرگێر رێكخرا و له ماوه‌ی ٢٤ كاتژمێردا كۆتاییهاتبوو. شامبێرگێر له تویتێكدا له سه‌ر هه‌ژماری خۆی له تویته‌ر به‌م جۆره نوسیبووی، " له ماوه‌ی ٢٤ كاتژمێردا له رێگه‌ی په‌یپاڵه‌وه ئه‌و بڕە پاره‌یە كۆكراوه‌ته‌وه، ئیتر من تكاتان لێده‌كه‌م (ناردنی) هاوكاری رابگرن". شامبێرگێر راشیگه‌یاند، ئه‌و بڕە پاره زیاده‌یه، کە بۆ هاتووە ده‌یداته نوسینگه‌ی یاسایی ئازادی.
له ئه‌ڵمانیا ٩ كورد له زینداندان
له ئه‌ڵمانیا ٩ چالاكوانی كورد به بیانووی سیاسی تا ئێستا زیندانین، یان سزا دراون.
به‌گوێره‌ی ئه‌و ئامارانه‌ی نوسینگه‌ی یاسایی ئازادی بڵاویكردوونهوه، ئه‌و كوردستانیانەی له ئه‌ڵمانیا به پێی مادده‌ی ١٢٩ زیندانی كراون بریتین لە:
* مه‌ردان ك. له ٢٠ ئه‌یلولی ٢٠٢١دا گیراوه و له گرتووخانه‌ی ستامهیم راگیراوه.
* دوای سه‌ردانی مه‌لود چاوشئوغڵو وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی تورك بۆ به‌رلین له ٧ی ئایاری ٢٠٢١دا سیاسه‌تمه‌داری كورد عه‌بدوڵا ئۆ. و هونه‌رمه‌ندی كوردستانی مه‌زڵوم د. ده‌ستبه‌سه‌ركران. عه‌بدوڵا ئۆ. له فرانكفۆرت و مه‌زڵوم د. له ستامهیم خراونەته گرتووخانه.
* میرزا ب. له ٣٠ نیسانی ٢٠٢١دا له نۆرێنبێرگ له‌و ماڵه‌ی لێی میوان بوو ده‌ستگیركرا و خرایه زیندانه‌وه.
واده‌ی دانیشتنی دادگایکردنی ئه‌و ٤ كه‌سه‌ی سه‌روه راگهیهنراوە و تائێستا دیارینه‌كراوه.
كامه‌ران ی. ڤ. له ١ی تشرینی دووه‌می ٢٠١٩ له فڕۆكه‌خانه‌ی زوریخ ده‌ستبه‌سه‌ركرابوو، له ٢٢ی حوزه‌یرانی ٢٠٢٠ دا گواسترابوه‌وه بۆ ئه‌ڵمانیا. كامه‌ران ی. ڤ. له گرتووخانه‌ی ستامهیم راگیراوه و دۆسیه‌كه‌ی له تشرینی یه‌كه‌می ٢٠٢٠ه‌وه ده‌ستیپێكراوه و تائێستاش به‌رده‌وامه.
* دۆسیه‌یه‌ك له دژی پێنج كوردستانی له ١٩ی نیسانی ٢٠١٩ له شاری شتوتگارتی ئه‌ڵمانیا كرابووه. دوای ٩٢ دانیشتنی دادگا، له ٣٠ نیساندا دانیشتنەکانی دادگا كۆتایی هات. فه‌یسه‌ل س. سزای ٤ ساڵ و ٣ مانگی بۆ بڕایه‌وه، عه‌گید ك. به ٤ ساڵ زیندان سزا درا و هێشتا له زینداندان. ئۆزكان ت. ئازادكرا، ئه‌ڤریم ئا و جیهان ئا. ش به مه‌رجی خستنه ژێر چاودێری سزای ٢ ساڵ زیندانییان بۆ بڕایەوە و ئازادكران.
* سیاسه‌تمه‌داری كورد گۆكمه‌ن، كه به ماوه‌یه‌كی كورت له پاش سه‌ردانه‌كه‌ی مێركڵ بۆ توركیا ده‌ستبه‌سه‌ركرابوو، له ٢ی كانونی دووه‌می ٢٠٢٠ه‌وه له زینداندایه. سزای ٣ ساڵ و ٥ مانگ زیندان به‌سه‌ر گۆكمهندا سه‌پێنراوه.
* مسته‌فا چ. له كانونی دووه‌می ٢٠٢٠دا ده‌ستگیركراوە. ٢ ساڵ و ٧ مانگ سزای زیندانی بۆ بڕاوەتەوە.
ژ.ت