داگیرکاری و خیانەت لە ئەنقەرە شەرمەزارکرا

هاوسەرۆکی دەم پارتی ئەنقەرە فاتن کانات بە گوتنی "بەرپرسیارێتی ئێمەیە بە درووشمی "نا بۆ شەڕ، ژیانێکی تر مومکینە" بەرەیەکی بەهێز دژی شەڕ دابمەزرێنین"، بانگەوازی کرد بۆ یەکگرتن.

ڕێکخستنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)ـی ئەنقەرە، دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیان بە هاوکاری پەدەکە بۆ سەر باشووری کوردستان شەرمەزارکرد و بۆ ئەم مەبەستە بە ناونیشانی "نا بۆ داگیرکاری و خیانەت" لەبەردەم بینای دەم پارتی ئەنقەرە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیان بەست، پانکارتی "نا بۆ داگیرکاری و خیانەت" و درووشمی "نا بۆ شەڕ، پێش هەموو شتێک ئاشتی" بەرزکرایەوە.

هاوسەرۆکی دەم پارتی ئەنقەرە فاتن کانات داوای یەکگرتنی کرد بە ڕۆحی نەتەوەیی دژی دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە، ڕایگەیاند دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە لەبری کۆتایی هێنان بە شەڕ، هەڕەشەی سەربازی و سیاسی و ئابووری بۆ سەر سوریا و باشووری کوردستان زیاتر دەکات لەپێناو زیادکردنی شەڕ و کۆچبەری، گوتی: "بەڵام بە دانپیانان بە هەبوونی سیاسی و چاندی و ئابووری گەلان و بنیاتنانی ژیانێکی جڤاکی دیموکراتیک و ئازادی‌پارێز، دەکرێت ئاشتییەکی مەزن لە وڵات بێتەدی. پارتەکەمان بە بەرپرسیارێتی خۆی دەزانێت کە دیسانەوە هۆشداری بداتە دەسەڵات".

کانات ڕایگەیاند ئەو زیهنیەتەی لە باکووری کوردستان ٣٥٠٠ گوندی کوردنشینی سوتاند، دەیەوێت لە باشووریش هەمان شت بکات، تا ئێستە زیاتر لە ١٠٠ گوند چۆڵکراون و سرووشت تاڵانکراوە و مرۆڤەکان کۆچبەرکراون و ناوچەکانیان داگیرکراوە، گوتی: "دامەزراندنی بەرەیەکی بەهێز دژی شەڕ لە تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوین و جیهان بە درووشمی "نا بۆ شەڕ، جیهانێکی تر مومکینە" بەرپرسیارێتی مێژوویی و جڤاکی بەردەم هەموومانە".

لەکۆتاییدا ئاماژەی کرد بە خیانەت و هاوکاری پەدەکە و گوتی: "تێکۆشانی گەلی کورد هەرگیز ناکەوێتە ژێر کاریگەری هەندێک بنەماڵە و سیاسەتی سیستەمی باڵادەست. وەک هەموو کاتێک لەسەر بەرژەوەندیی گەل و بەها بنەڕەتییەکان بەردەوام دەبێت. ئەوانەی هەوڵدەدەن ئەم تێکۆشانە شکۆمەندە تێک بدەن و ئاستەنگ بکەن، لەبەردەم دادگای مێژوو مەحکومن بە شکست".