بە دیمەن

دانیشتنی سەردار کاراکۆچ بەڕێوەچوو: بڕیارەکە ٨ ی ئادار ئاشکرا دەکرێت

دانیشتنی ڕۆژنامەوان سەردار کاراکۆچ کە لەسەر داخوازی ئەڵمانیا بە پێی ماددەی (١٢٩ب) لە هۆڵەندا دەستبەسەرکرا، پاش مانگێک بە مەرج ئازادکرا، بەڕێوەچوو. دادگا لە ٨ ی ئاب بڕیاری کۆتایی خۆی ئاشکرا دەکات.

ڕۆژنامەوان سەردار کاراکۆچ ساڵانێکە بۆ نەریتی چاپەمەنی ئازاد کاردەکات، لە ٢٣ی ئایار لەسەر داوای ئەڵمانیا بە پێی ماددەی (١٢٩ب) لە ماڵەکەی خۆی لە هۆڵەندا دەستبەسەرکرا و خرایە زیندان. کاراکۆچ ڕۆژی ١٤ی حوزەیران بە مەرج و بە کەفالەتی ٥ هەزار یۆرۆ ئازاد کرا. ڕۆژنامەوان کاراکۆچ کە هەفتەی جارێک واژۆ دەکات، دەست بەسەر پاسپۆرتەکەیدا گیراوە.

دادگای هۆڵەندا لە ٢٤ ی تەمموز پاش نیوەڕۆ لە دادگای ئەمستردام دانیشتنی ئەنجامدا تاوەکو بڕیار بدات لەسەر ئەوەی کاراکۆچ ڕادەستی ئەڵمانیا بکاتەوە یان نا.

پێش دانیشتنی دادگاکە، دەیان ڕۆژنامەوان و نووسەر و سیاسەتمەدار لە وڵاتانی جیاوازی ئەوروپاوە لەسەر بانگەوازی دەستپێشخەری ئازادی بۆ سەردار کاراکۆچ لە بەردەم دادگا کۆبوونەوە.

شاندی دادگا بە پاساوی نەبوونی شوێن لە هۆڵەکە ڕێگەی بە ژمارەیەکی کەمی ئامادەبووان دا بەشداری بکەن. کۆمەڵێک ڕۆژنامەوان و سیاسەتمەدار بەدواداچوونیان بۆ دۆزەکە کرد. هەروەها پارێزەرانی کاراکۆچ لە هۆڵەکەدا ئامادە بوون.

شاندەکە ئاماژەی بەوە کرد ئەڵمانیا بانگەشەکانی دۆسیەکە وەک تاوانی "ڕێکخراوی تیرۆر" هەڵدەسەنگێنێت، بەڵام ئەمە تۆمەتی دادگای هۆڵەندا نیە، بۆیە لەسەر ناوەڕۆکی دۆسیەکە ناوەستن، تەنها داخوازی ڕادەستکردنەوەی بە ئەڵمانیا تاوتوێ دەکەن.

پارێزەرانی کاراکۆچ ئاماژەیان بەوە کرد ئەڵمانیا هەموو چالاکیەکی جڤاکی کورد بە تاوان دەزانێت، چالاکییەکانی کاراکۆچ لە ئەڵمانیا تەنها چالاکی ڕۆژنامەوانی و سیاسی بوون.

پارێزەران دووپاتیان کردەوە، هەرکەس تێکۆشانی سیاسی و ڕۆژنامەوانی بکات لەلای تورکیاوە بە تیرۆر تۆمەتبار دەکرێت. هەروەها ئاماژەیان بە پەیوەندیی نێوان دەوڵەتی تورک و ئەڵمانیا کرد، داوایان کرد داواکارییەکەی ئەڵمانیا بۆ ڕادەستکردنی کاراکۆچ ڕەت بکرێتەوە.

پاشان داواکاری گشتی ئاماژەی بەوە کرد تاوانباربوون یان نەبوونی کاراکۆچ تاوتوێ ناکەن، ئەوە پەیوەستە بە دادگای ئەڵمانیاوە. ڕایگەیاند ئەگەر دادگای ئەڵمانیا کاراکۆچ تاوانبار بکات و سزای بدات، دەبێت لە زیندانی هۆڵەندا بمێنێتەوە.

پاشان کاراکۆچ ڕایگەیاند ساڵانێک لە تورکیا ڕۆژنامەوانی کردووە، دواتر بە ناچاری هاتۆتە ئەوروپا و لێرەش بەردەوام بووە لە کارەکەی، گوتی: " زیاتر لە ٢٠ ساڵە لە هۆڵەندا دەژیم. چەندین جار چوومەتە ئەڵمانیا و فەرەنسا و وڵاتانی تری ئەوروپا. لە ساڵانی ٢٠١٧-٢٠١٨ کە ئەڵمانیا تایبەت بەو ساڵانە تاوانبارم دەکات و دوای ئەوە چەندین جار هاتم و چووم. هۆکاری سەرەکی ئەم هاتن و چوونانە کاری ڕۆژنامەوانی بووە. هەروەها هەندێک لە ئەندامانی خێزانەکەم لە ئەڵمانیا دەژین. سەرەڕای ئەوەی کە کارەکانم بۆ ڕای گشتی ئاشکرایە، دەوڵەتی ئەڵمانیا بە پێی مادەی (١٢٩ب) من وەک ئەندامی ڕێکخراوی تیرۆریستی دادگایی دەکات".

بڕیاری کۆتایی لە ٧ ی ئاب ڕادەگەیەنرێت

کاراکۆچ تیشکی خستەسەر کارەکانی میت لە ئەڵمانیا، دووپاتی کردەوە بەگوێرەی ڕاپۆرتە فەرمییەکانی پێشووتری ئەڵمانیا ٦ هەزار ئەندامی چالاکی میت لە ئەڵمانیا کاردەکەن، هەڕەشە لە کورد و کەسانی ئۆپۆزیسیۆن و سیاسەتمەدار و ڕۆژنامەوانان دەکەن. گوتی: "من بۆ لێکۆڵینەوە لەم ڕەوشە و ئەو کەسانەی هەڕەشەیان لێکراوە، چوومە ئەڵمانیا، پەرلەمانتاری ئەڵمانیاش هەن کە هەڕەشەیان لێ کراوە و من ڕیپۆرتاژم لەسەر کردوون. بۆیە ڕوونە دەوڵەتی تورک دەستی هەیە لەم دۆسیەیەی دژی من کراوەتەوە".

پاشان دادگا بڕیاریدا لەسەر بەردەوامبوونی مەرجی چاودێریی یاسایی. دادگا ڕایگەیاند، لە ٧ ی ئاب بڕیاری کۆتایی دەدات لەسەر ئەوەی کاراکۆچ ڕادەستی ئەڵمانیا بکەنەوە یان نا.