داواکاری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و نووسینگەی پارێزەران بۆ جێبەجێ کردنی'مافی هیوا'

ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و نووسینگەکانی پارێزەران داوای گۆڕینی یاسای سزادان و داننان بە 'مافی هیوا'یان کرد. لە ڕاگەیەنراوە هاوبەشەکەدا ڕاگەیەندرا دەبێت مافی هیوا جێبەجێ بکرێت.

ڕێکخراوەکانی  کۆمەڵگای مەدەنی لە بەیاننامەیەکدا کە بڵاویان کردەوە، داوای گۆڕینی یاسای سزاکانی وەک"زیندانی تا مردن" کرد و وتیان دەبێت "مافی هیوا" مسۆگەر بکرێت.

بەیاننامەکە لە بارەگای ڕێکخراوی  کۆمەڵە و توێژینەوەی یاسا (TOHAV)ی ئەستەنبوڵ خوێندرایەوە.

دەقی بەیاننامەکە جگە لە ٣٠ ڕێکخراوی مەدەنی لەلایەن زۆربەی نووسینگەی پارێزەرانەوە واژۆ کراوە.

هەروەها پارێزەرانی نووسینگەی یاسایی سەدەش لە خوێندنەوەی بەیاننامەکەدا ئامادەبوون.

ئەرەن کەسکین هاوسەرۆکی گشتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ (ئیهەدە) وەبیری هێنایەوە کە دوای ئەوەی ڕێبەر ئاپۆ لە ساڵی ١٩٩٩بەدیل گیرا، سزای لەسێدارەدان لە تورکیا هەڵوەشایەوە.

ئەرەن کەسکین ڕایگەیاند؛ "مافی هیوا دیاری نییە کە بدرێت بە زیندانییەکان، بەڵکو ئەرکێکە، تورکیا ڕێککەوتننامەی ئەورووپای بۆ مافەکانی مرۆڤ واژۆ کردووە و پابەندە بە بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپاوە و دەبێت بەو پێە مامەڵە بکات، ئەمە ئەرکی تورکیایە."

هەروەها لە لقی ئەستەنبوڵی کۆمەڵەی پارێزەران بۆ ئازادی سەرکان کلچ ڕایگەیاند، پێویستە سیستەمی زیندانەکانی تورکیا بگۆڕدرێت و وتی: "ئەگەر گۆڕانکاری یاسایی پێویست نەکرێت، ئەوا تانە لە کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجومەنی ئەورووپا دەدەن."

هەروەها هاوسەرۆکی تۆهاڤ دەستینا یڵدز ڕایگەیاند کە پەرلەمانی ئەورووپا وەک مافێکی بنەڕەتی دانی بەوەدا ناوە کە ئەوانەی سزای زیندانی هەتاهەتایییان بەسەردا سەپێنراوە، پێویستە دوای ماوەیەکی دیاریکراو پێداچوونەوە بە سزاکانیاندا بکرێت و دەرفەتیان پێبدرێت بە مەرج ئازاد بکرێن.

دەستینا یڵدز ئاماژەی بەوەشکرد کە داننان بە 'مافی هیوا' پێویستیەکە و داوای کرد، "نابێت هیچ کەسێک لە مافی هیوا و دەرفەتی سەر لەنوێ ژیانکردن بێبەش بێت. تورکیا، لەسەر بنەمای سەروەری یاسا و دیموکراسی، دەبێت دان بە مافی هیوادا بنێت و بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاسایی زیندانی هەتاهەتایی گۆڕانکاری بکات. جێبەجێ کردنی ئەم پرسە سەرەتا بەرپرسیارێتی پەرلەمانە و دواتر حیزب و کۆمەڵگەی مەدەنی. بۆیە داوا لە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا دەکەین کە بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاسای زیندانی هەتاهەتایی و داننان بە مافی هیوا، لەسەر بنەمای شکۆ و دادپەروەری مرۆڤایەتی، ببنە دەنگێکی هاوبەش."