داوای سزای ٨ ساڵ زیندان بۆ ده‌میرتاش كرا

له‌ باره‌ی هاوسه‌رۆكی گشتیی پێشووی هه‌ده‌په‌ سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش كه‌ چه‌ندین ساڵه‌ له‌ زیندانه‌، به‌ بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی داواكاری گشتیی یوكسه‌ل كۆجامانی كردووه‌ته‌ ئامانج، داواكرا كه‌ سزای ٨ ساڵ زیندانی به‌سه‌ردا بسه‌پێنرێت.

له‌ باره‌ی هاوشه‌رۆكی گشتیی پێشووی پارتی دیموكراتی گه‌لان (هه‌ده‌په‌) سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش به‌ پاساوی ئه‌وه‌ی داواكاری گشتیی كۆماری ئه‌نقه‌ره‌ یوكسه‌ل كۆجامانی كردووه‌ته‌ ئامانج، دۆسیه‌ له‌ دژی جوڵێنرا و دانیشتنی یه‌كه‌می دۆسیه‌كه‌ ئه‌نجامدرا.

پارێزه‌رانی ده‌میرتاش به‌شدارییان له‌ دانیشتنه‌كه‌دا كرد، كه‌ له‌ دادگای سزای قورسی ٢٥هه‌مینی ئه‌نقه‌ره‌ پێكهات.

داواكار خوێندنه‌وه‌ی خۆی له‌ باره‌ی دۆسیه‌كه‌ پێشكه‌ش به‌ دادگا كرد. داواكار به‌ بانگه‌شه‌ی "وه‌ك ئامانج نیشاندان" داوای كرد سزای ٨ ساڵ زیندان به‌سه‌ر ده‌میرتاشدا بسه‌پێنرێت.

له‌ راپۆرته‌كه‌دا باس له‌وه‌كراوه‌ كه‌ ده‌میرتاش به‌ هۆی " سودوه‌رگرتن له‌ هێزی ترسناكی رێكخراوی تاوان هه‌ڕه‌شه‌ی كردووه‌" له‌ دوو ساڵ تا ٥ ساڵ و به‌ هۆی تاوانی "به‌ ئامانج نیشاندانی ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌رامبه‌ر تیرۆر ئه‌ركدار كراون" له‌ ساڵێكه‌وه‌ بۆ ٣ ساڵ سزای زیندانی به‌سه‌ردا بسه‌پێنرێت.

پارێزه‌ران باسیان له‌وه‌كرد كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن له‌ دژی راپۆرته‌كه‌ پاراستنی خۆیان بكه‌ن، داوای كاتیان كردووه‌. دادگا داواكاری پارێزه‌رانی قه‌بوڵ كرد و دانیشتنه‌كه‌ بۆ ١٦ی ئه‌یلول هه‌ڵپه‌سێردرا.

هـ . ب