دەبەپە: دەبێت ئەو پۆلیسانەی هێرشیان کردووەتە سەر خێزانە کوردەکە لەکار دووربخرێنەوە

دەستەی بەڕێوەبەریی ناوەندی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) دەربارەی هێرش و پەلاماری پۆلیسەکان بۆ سەر خێزانێکی ١٠ کەسی لە بایرام پاشا بە هۆکاری گوێگرتن لە گۆرانی کوردی، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

دەبەپە ڕایگەیاند ئەمە ڕووداوێکی تاکەکەسی نییە، داوای کرد هەموو ئەو پۆلیسانەی بەشداربوون لە هێرشەکەدا لەکار دووربخرێنەوە و کەسانی بەرپرسیار دادگایی بکرێن. ئاماژە بەوە دەکات، لەکاتی ڕووداوەکەدا منداڵێک و ژنێکی دووگیان لەنێو خێزانەکەدا بوون، خێزانەکە لەنێو شەقامدا ڕووبەڕووی ئەشکەنجە بوونەوە، ژنەکە بەهۆی لێدانەوە بەپەلە براوە بۆ نەشتەرگەریی قەستەرە.

دووپاتی دەکاتەوە، ئەم هێرشە دوژمنایەتییەکی سیستەماتیکە دژی ناسنامە و زمان و هەبوونی کورد، ئەو توندوتیژییەی لە بایرام پاشا دەرکەوت، دەرئەنجامی سیاسەتی نەژادپەرستییە کە ساڵانێکە برەوی پێ دەدرێت، ستەمکاریی پۆلیسە کە بوێریی لە سزانەدان و بەرگەنەگرتن دژی گەلی کورد، وەردەگرێت.

دەبەپە جەخت دەکاتەوە، پێویستە دەستبەجێ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکەی بایرام پاشا بکرێت، دەڵێت: "دەبێت دەستبەجێ لێکۆڵینەوە لەم تاوانە بکرێت، هەموو ئەو پۆلیسانەی لە ئەشکەنجە و هێرشەکەدا بەشداربوون، لەکار دووربخرێنەوە و بەرپرسیاران دادگایی بکرێن".