کارەبای هەرێمی کوردستان لەنێوان پڕۆژەکەی حکومەت و ناڕەزایەتییەکاندا

لە هەرێمی کوردستان پلەکانی گەرما لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ٤٠ پلەی سیلیزی تێپەڕاندووە و کەمبوونەوەی کارەبا، بووە هۆکار بۆ هاتنە سەر شەقامی خەڵک. هاووڵاتییەک لە ئەنجامی دەستڕێژی گولـلەی ئاساییش گیانی لەدەستدا.

دانیشتووانی ئەو گوندانەی باشووری کوردستان کە تێیاندا ڕۆژانە تەنها دوو بۆ سێ کاتژمێر کارەبا دابین دەکرێت، لەدژی بڕینی کارەبا بۆ ماوەیەکی زۆر، ناڕەزایەتییان دەربڕی.

بە گوێرەی زانیارییەکان لە خۆپیشاندانەکانی ناوچەی وەرتێ لە هەولێر، لە ئەنجامی تەقەکردنی هێزەکانی ئاساییش هاووڵاتییەک گیانی لەدەستداوە و چواری تر برینداربوون.

بەهەمان هۆکار لە گوندەکانی ناوچەی خەباتی سەر بە هەولێریش خۆپیشاندان ئەنجام دراوە. دوێنێ شەویش لە بالیسان خەڵکی دژی نەبوونی کارەبای پێویست هاتنە سەر شەقام و ڕێی هاتوچۆیان داخست.

چی لە پشت پڕۆژەی کارەبای '٢٤ کاتژمێری'ـیەوەیە؟

بەرپرسانی هەرێمی کوردستان هەفتەی ڕابردوو بانگەشەی ئەوەیان کردبوو کە زیاتر لە ٣٠٪ـی هەرێم لە ئێستادا کارەبای بەردەوامی پێگەیشتووە. بەڵام لە زۆرێک لە ناوچەکان هێشتا بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر کارەبا دەبڕێت و هاووڵاتییان ناچاردەبن مۆلیدەی تایبەت بەکاربهێنن.

بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکان پڕۆژەی 'کارەبای ٢٤ کاتژمێری'ـی کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەستیپێکراوە، بۆئەوەی لە ناوەندی شارەکان بسەپێندرێت، کارەبای ناوچەکانی دەرەوەی شار دەبڕدرێت. ئەمەش وەک پێشێلکردنی مافی بنەڕەتیی خەڵکی ئەو ناوچانە پێناسە دەکرێت.

بەگوێرەی هەواڵیکی ئاژانسی ڕۆژ نیوز، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان عەلی حەمە ساڵح لە ڕاگەیاندراوێکدا سەبارەت بەو پڕۆژەیە ئاماژەی بەوە کردووە، بۆ دابینکردنی سەرچاوەی پڕۆژەی کارەبای ٢٤ کاتژمێری ڕۆژانە تەنها دوو بۆ سێ کاتژمێر کارەبای گوندەکان دابین دەکرێت و نرخی ئەو کارەبایەی لە پڕۆژەکەدا دەفرۆشرێت حەوت بۆ ١٠ هێندەی نرخی کارەبای ئاساییە.

لەوانەیە خۆپیشاندانەکان فراوان ببن

هاووڵاتییانی شارۆچکە و گوندەکان باس لەوە دەکەن ئەم نادادپەروەرییە قبووڵناکەن و هۆشداریی دەدەن کە خۆپیشاندانەکان لە ناوچەکانی تریش ئەنجامدەدرێن. بەهۆی بڕینی کارەباوە هەلومەرجی ژیان تادێت خراپتر دەبێت و سیاسەتەکانی وزەی حکومەت لەلایەن خەڵکەوە بەتوندی ڕەخنە دەکرێن.