کۆنگرەی ستار: سیستەمێکی دیموکراتیکی گرەنتی سوریایەکی ناناوەندییە

کۆنگرەی ستار لەبەرانبەر هەڵوێستی نێردەی ئەمریکا لە دیمەشق، تۆم باراک ناڕەزایەتی نیشان دا، کە بەڕێوەبەرییەکی یەکپەرەستی داوا کردوە و گوتی: "دامەزراندنی سیستەمێکی ناناوەندی و دیموکراتیک گرەنتی ئاشتی و یەکێتییە."

کۆنگرەی ستار دەربارەی ڕاگەیاندراوەکانی نێردەی ئەمریکا، تۆم باراک بۆ کاروباری سووریا ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە بۆ ئافراندنی کەشێکی متمانەی هاوبەش لە نێوان لایەنەکانی سووریادا دەبێت نێوەندگیرێکی نێونەتەوەیی ڕۆڵێکی بونیاتنەر و بێلایەنانە بگێڕن و پشتگیری لە دیالۆگی ناوخۆی بکەن کە ئاسایش و سەقامگیری مسۆگەر بکات.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا گوترا: "ئەزموونەکانی ساڵانی ڕابردوو ئەوەیان سەلماندوە سیاسەتەکانی ناوەندی، نکۆڵیکردن لە مافەکانی پێکهاتەکان هۆکاری سەرەکی سەرهەڵدانی ئاڵۆزییەکانن. هەربۆیە دیالۆگی نیشتیمانی خواستی تەواوی هەموو پێکهاتەکان، بە تایبەت ژنان و هێزە پێشەنگەکانی تێکۆشان لەبەرچاو ناگرێت، دیالۆگێکی سنووردار و تێکدەر دەبێت."

لە بەردەوامی ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە دیالۆگ لەسەر بنەماکانی دیموکراسی و ناناوەندیبوون بونیات بنرێت، دەبێتە گەرەنتی ڕاستەقینە بۆ ڕێگریکردن لە شەڕ و دابەشبوون.هەروەها داننان بە مافەکانی ژنان و ڕۆڵی پێشەنگیان لە بونیاتنانی سوریای نوێ وەک مەرجێکی بنەڕەتی بۆ جێبەجێکردنی دادپەروەری و ئاشتەوایی ڕاستەقینە دەستنیشان کراوە. هەروەها جەختیان لەوەکردۆتەوە بەبێ مسۆگەرکردنی ماف و شکۆی ژنان مەحاڵە ئاشتی لە سووریا بە دی بێت.

لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا بانگەواز لە حکومەتی ڕاگوزەر، بە تایبەت نەتەوە یەکگرتووەکان، نێوەندگیرانی نێونەتەوەی کرا، "بەرپرسیارێتی مێژووییان جێبەجێ بکەن، سووریا لە تاریکییەوە بەرەو داهاتوویەکی هاوبەشی دیموکراتیک، سەقامگیر و دادپەروەرانە ببەن."