دۆخی تەندروستیی فاتمە تۆکماک زیندانی لە مەترسیدایە

ژیان تۆسون پارێزەری زیندانیی سیاسیی نەخۆش فاتمە تۆکماک رایگەیاند، باری تەندروستیی فاتمە تۆکماک لە زیندانی باقرکۆی ئیستەنبول تێکچووە و ژیانی لە مەترسیدایە.

سەرباری ئەوەى لەلایەن ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی تورکیاوە راپۆرت لەسەر نەخۆشیی فاتمە تۆکماک ئامادە کراوە و لە راپۆرتەکەدا رایانگەیاندراوە "ناتوانێت لە زینداندا بمێنێتەوە" بەڵام ئامادە نین فاتمە تۆکماک ئازاد بکەن و تاوەکو دێت دۆخی تەندروستیی خراپتر دەبێت.

ژیان تۆسون پارێزەری فاتمە تۆکماک لە زیندانی ژنانی باقرکۆی سەردانی تۆکماکی کردبوو و لەبارەی دۆخی فاتمە و تەندروستییەوە بە  ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی راگەیاند، فاتمە تۆکماک نەخۆشیی دڵی هەیە و جەستەى ئاوساوە و دڵی بە رێکوپێکی لێنادات و بە بەردەوامی دەبورێتەوە.

ژیان تۆسون وتیشی، بەهۆی گۆشاری قەرەنتینەوە لە زیندانەکەدا نایەوێت بڕوات بۆ نەخۆشخانە و رایگەیاند، پێشتر لە نەخۆشخانەى سادی کۆنوکی باقر کۆی هەفتەیەک جارێک خوێنی دەگۆڕدرا، بەڵام ئێستا دوکتۆر ئەوەى کردووە بە مانگێک جارێک و ئەوەش لە هۆڵێکی زیندانەکەدا ئەنجام دەدرێت.

ئەو پێشێلکارییە لە ساڵی ١٩٩٦ەوە بەردەوامە

ئەرەن کەسکین هاوسەرۆکی گشتیی کۆمەڵەى مافی مرۆڤی تورکیا (ئیهەدە) رایگەیاند، هەم پارێزەر و هەم وەسیی تۆکماک رایانگەیاندووە، کە بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ تۆکماک گرفت و رێگرییان بۆ دروست دەکرێت.

کەسکین چەندین ساڵە بە دۆسیەى موەکیلەکانیەوە سەرقاڵە و رایگەیاند، هەر لە سەرەتاوە ئەو پێشێلکارییە بەرامبەر بە موەکیلەکەى ئەنجام دەدرێت.

کەسکین راشیگەیاند، فاتمە تۆکماک ساڵی ١٩٩٦ لەگەڵ ئازادی کۆڕی تەمەن ٢ ساڵیدا دەستگیرکرا و زۆر بە قورسی ئەشکەنجە کرا و بە بەرچاوی کوڕەکەیەوە جگەرەیان لەسەر جەستەى کوژاندەوە. سەرباری ئەوەى وشەیەکی تورکیشی نەدەزانی بە زۆر ئەوەى ناویان نابوو وتەلێوەرگرتن، پێیان ئیمزا کرد. بەهۆی ئەو تاوانەى کە ئەنجامی نەداوە، سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنرا.

کەسکین رایگەیاند، لەم دۆخەی ئێستادا نەخۆشیی فاتمە تۆکماک قورس بووە. سەرباری ئەوەى راپۆرتی ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی تورکیای لەسەرە و لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ناتوانێت لە زینداندا بمێنێتەوە، بەڵام دیسانەوە ئازادی ناکەن.

کەسکین رایگەیاند، راگرتنی فاتمە تۆکماک لە زینداندا مەترسیی گەورە لەسەر ژیانی دروست دەکات و دەبێت بە خێرایی ئازاد بکرێت.

ژ.ت