دەم پارتی: خاوەنداری لە میراتی شکۆمەندی ١٤ی تەمووز دەکەین

دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندیی دەم پارتی خۆڕاگرانی رۆژووی مردنی گەورەی ١٤ی تەمووزی بەبیرهێنایەوە و رایگەیاند، "خاوەنداری لەو میراتە شکۆمەندە دەکەین و بەڵێن دەدەین کە لەئێستا بەدواوەش درێژە بە تێکۆشان بدەین".

دەستەی بەڕێوەبەریی ناوەندی دەم پارتی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "خەیری دورموش، کەمال پیر، عاکیف یەڵماز و عەلی چیچەک بەر لە ٤٢ ساڵ لە ١٤ی تەمووزی ١٩٨٢ لە دژی کودەتاچییەکان، لە دژی ستەم و سیستمی ئەشکەنجە لەسەر کوردان، سۆسیالیستەکان، شۆڕشگێڕان و هەموو گەلان لەم وڵاتە مەشخەڵی بەرخودانیان داگیرساند. ١٤ی تەمووز مێژووی ژیانی شکۆمەندانە، ئازاد و یەکسان لەسەر ئەم خاکەیە.  وتەکانی 'ئێمە ئەوەندەی ئەوینداری ژیانین کە لە پێناویدا دەمرین'، ' لە سەر کێلی گۆڕەکەم بنوسن قەرزاری گەلەکەی بوو و رۆیشت' کە وتەی خۆڕاگرانی ١٤ی تەمووزن پێودانگی ویژدانی و ئەخلاقی مرۆڤایەتی، شۆڕشگێڕی و گیانبازی بۆ گەل دیاری دەکەن".

هەرلە راگەیەندراوەکەدا هاتووە هێرشی کودەتاچییەکانی ١٢ی ئەیلولی ١٩٨٠ بۆ شکاندنی ئیرادەی گەلان بووە و زیندانی سەربازی ژمارەی ٥ی ئامەد گۆڕدراوە بۆ ناوەندێکی ئەشکەنجە و ئەوە خراوەتەڕوو کە بەرخودانی ١٤ی تەمووز ئەوەی تێکشکاندووە و بووەتە سەرکەوتنی بڕوا و ئیرادە و بووەتە هێمای هێزی ئیرادی گەل لە دژی کودەتاچییەکان".

لە بەشێکی راگەیەندراوەکەی دەم پارتیدا هاتووە، کە لەمرۆدا مێشکی کودەتاجی ئاکەپە-مەهەپە کە قەیوم بەسەر ئیرادەی گەل دەسەپێنێت، لە رێگەی دۆسیەی ساختەی کۆبانێ و دۆزی گەزی نوێنەرانی گەلان بە شێوەیەکی نایاسایی دەگرێت و سزای قورسیان بەسەردا دەسەپێنێت. هەروەها گۆشەگیری لەسەر تەواوی کۆمەڵگا سەپاندووە. لەبەرامبەر ئەو مێشکە لە ناو زیندان و لە دەرەوە تێکۆشانێکی بێهاوتا لەئارادایە.. هاوکات بە ئاماژەدان بە بەرخودان لە دژی دانانی قەیوم بۆ شارەوانی جۆلەمێرگ و رێپێوانی خاوەنداری لە ئیرادە ئەوەی خستووەتەڕوو، ئەو بەرخودانەی لە ١٤ی تەمووزەوە بەردەوامە لە هەمان کاتدا تێکۆشان لەپێناو پاراستنی ژیانی شکۆدار و ئارامی گەل.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، " ئێمە خۆڕاگرانی ١٤ی تەمووز کە دواتر لە تێکۆشانی گەلدا ژیانیان لەدەستدا بە رێز و پێزانینەوە یاددەکەینەوە. خاوەنداری لەو میراتە شکۆمەندە دەکەین و بەڵێن دەدەین کە لە ئێستا بە دواوەش درێژە بە تێکۆشانمان بدەین. بە تایبەتی پارتەکەمان و هێزەکانی دیموکراسی لە تورکیا لە دژی تاوانەکان بەرامبەر بە کۆمەڵگا لە تێکۆشانێکی هاوبەشدا یەکدەگرن. تەنیا بە تێکۆشانی هاوبەش مرۆڤ دەتوانێت لەم مێشکە کودەتاچییە رزگاری بێت".

هـ. ب