دەم پارتی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکانی شەرمەزار کرد
دەستەی بەڕێوەبەری دەم پارتی گوتی: "بەبۆنەی دەهەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکانەوە لە ٣ ی ئاب، دووپاتی دەکەینەوە ئێمە لەگەڵ گەلی ئێزدین و بەڕێزەوە قوربانیان بیردەهێنینەوە".
دەستەی بەڕێوەبەری دەم پارتی گوتی: "بەبۆنەی دەهەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکانەوە لە ٣ ی ئاب، دووپاتی دەکەینەوە ئێمە لەگەڵ گەلی ئێزدین و بەڕێزەوە قوربانیان بیردەهێنینەوە".
دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بەبۆنەی دەهەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی ٣ ی ئابی ٢٠١٤ لە شەنگال لەلایەن چەتەکانی داعشەوە دژی ئێزدییەکان، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی، هەندێک گەل و بیروباوەڕ ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی بوونەتەوە و بە زۆر کوچبەر کراون، گەلی ئێزدی یەکێکە لەو گەلانەی کە ڕووبەڕووی چەندین کۆمەڵکوژیی بوونەتەوە.
لە ٣ـی ئابی ٢٠١٤ زیاتر لە پێنج هەزار ئێزدی لەلایەن چەتەکانی داعشەوە کوژران کە بەشێکی زۆریان ژن و منداڵ بوون، هەرچەندە ١٠ ساڵ بەسەر ئەو کۆمەڵکوژییەدا تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا زیاتر لە هەزار منداڵی ئێزیدی بێسەروشوێنن.
قڕکردنی گەلی ئێزدی لەلایەن زۆرێک لە وڵاتانی وەکو ئەمریکا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیاوە وەک کۆمەڵکوژیی قبوڵ کراوە، هەروەها پێویستە تورکیاش ئەم قڕکردنە لە دژ گەلی ئێزدی وەک کۆمەڵکوژی قبوڵ بکات و سیاسەتی چەندین ساڵەی شەڕانگێزەکانی خۆی لە بەرامبەر شەنگال ڕابگرێت.
گەلی ئێزدی سەرەڕای هەموو فشار و ستەم و کۆچبەری و کۆمەڵکوژییەکان، بەرخۆدانی کردووە و چاند و هەبوون و باوەڕی خۆی پاراستووە. بەبۆنەی دەهەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان لە ٣ ی ئاب، دووپاتی دەکەینەوە ئێمە لەگەڵ گەلی ئێزدین و بەڕێزەوە قوربانیان بیردەهێنینەوە".