دەم پارتی: پێویستە دەستبەجێ لەبارەی ئیمراڵییەوە لێدوان بدرێت

وتەبێژی دەم پارتی ئایشەگوڵ دۆغان ڕایگەیاند لە ئیمراڵی تاوانی دژی مرۆڤایەتی دەکرێت، بانگەوازی لە وەزارەتی داد و وەزارەتی تەندروستی کرد پەیوەست بە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و زیندانیانی تری ئیمراڵی لێدوان بدەن.

دەم پارتی

وتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) ئایشەگوڵ دۆغان لە ناوەندی گشتی پارتەکەی دەربارەی کۆبوونەوەی لیژنەی بەڕێوەبەری ناوەندی لێدوانی دا.

ئایشەگوڵ دۆغان ڕایگەیاند ڕۆژەڤی هەرە گرنگی کۆبوونەوەکە شەڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین بوون، گوتی: "لە غەززەوە تا ئامەد، هەموو جێیەک بۆتە گۆڕەپانی شەڕ و پێکدادان، تورکیا بەهۆی ئەم ڕەوشەوە باجێکی قورسی ئابووری و سیاسی و گیانی دەدات".

هەروەها دووپاتی کردەوە لە کۆبوونەوەکەدا گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان تاوتوێ کراوە، بانگەوازی لە وەزارەتی داد و وەزارەتی تەندروستی کرد پەیوەست بە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و زیندانیانی تری ئیمراڵی لێدوان بدەن، دەست لە پێشێلکاری و تاوانەکان بەردەن، گوتی: "ڕەوشی تەندروستی زیندانیانی ئیمراڵی جێگەی نیگەرانییە. پێویستە لەم بارەیەوە لێدوان بدرێت".  

هەروەها تیشکی خستەسەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر هەرێمی باشووری کوردستان، ڕایگەیاند گەلی کورد لە سوریا و عێراق و تورکیا و ئێران تێکۆشانی هەبوون ئەنجام دەدات، دووپاتی کردەوە نابێت هاوپەیمانی نێوان تورکیا و سوریا و عێراق ببێتە هاوپەیمانی شەڕ و پێکدادان، بەڵکو ببێتە هاوپەیمانی پاراستنی دەسکەوتی گەلان، هەروەها داوای کرد هیچ هێزێکی کوردی بەشداری لەم شەڕەدا نەکات و نەبێتە بەشێک.

هەروەها سەبارەت بە قسەکانی هاکان فیدان کە گوتبووی "ڕۆحی سەردەمەکە ئاشتی و سەقامگیریی دەسەپێنێت"؛ ئایشەگوڵ دۆغان ڕایگەیاند دەمێکە ڕۆحی سەردەمەکە ئەمە دەسەپێنێت، بەڵام ئاشتی و سەقامگیریی بە زیهنیەتی ئێوە و بە سیاسەتی ئەمنی و دووبارەکردنەوەی ڕێگەکانی پێشوو نایەتە بەرهەم، جەختی کردەوە دەبێت پەیوەندی لەگەڵ کوردانی سوریا ئاسایی بکرێتەوە و گوتی: "پێویستە کوردانی ئەوێ وەک هێزی پتەوکردنی تێکۆشانی دیموکراسی ببینرێن. کوردەکان سەرچاوەی هەڕەشە نین. بە پێچەوانەوە، گەرەنتی ژیانێکی یەکسان و دادپەروەرن".