دەم پارتی: زۆرێک لە مناڵە ئێزدییە ڕفێنراوەکان لە تورکیان
کۆمیسیۆنی مناڵانی دەم پارتی ڕایگەیاند زۆرێک لەو مناڵە ئێزدییانەی لە هێرشی قڕکردنی ٣ ی ئابی ٢٠١٤ لەلایەن چەتەکانی داعشەوە ڕفێنران، لە تورکیان.
کۆمیسیۆنی مناڵانی دەم پارتی ڕایگەیاند زۆرێک لەو مناڵە ئێزدییانەی لە هێرشی قڕکردنی ٣ ی ئابی ٢٠١٤ لەلایەن چەتەکانی داعشەوە ڕفێنران، لە تورکیان.
کۆمیسۆنی مناڵانی دەم پارتی، پەیوەست بە مردنی ئەو مناڵانەی لە (MESEM) کاریان پێ کراوە، لە ناوەندی گشتی دەم پارتی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بەست. هاووتەبێژی کۆمیسیۆنی مناڵان، ئیحسان سەیلان ڕاگەیاندراوەکەی خوێندەوە.
ئیحسان جەختی کردەوە لە تورکیا سەلامەتی ژیانی مناڵان مسۆگەر نییە، مەرگی مناڵان بەشێکە لە سیاسەتی دەسەڵاتی ئاکەپە، هەروەها دەربارەی مناڵە ئێزدییە ڕفێنراوەکان گوتی: " ڕۆژی ٣ ئابی ٢٠١٤ لە ئەنجامی هێرشی چەتەکانی داعش بۆ سەر شەنگال هەزاران مناڵ و ژن ڕفێنران. سیاسەتی ئاسمیلەکردن لە دژی ناسنامە و باوەڕ و شێوازی ژیانی مناڵانی ئێزدی کە بە زۆر ڕفێندرابوون جێبەجێ کرا. ئێمە دەزانین کە زۆرێک لە منداڵە ڕفێنراوەکان لە تورکیان. سەرەڕای هەموو هەوڵەکانمان دەسەڵات تا ئەمڕۆ هیچ کارێکی بۆ دیاریکردنی ژمارەی ئەو مناڵانە نەکردووە. دوێنێ ڕێکخراوە مەدەنییە نێونەتەوەییەکان داتاکانیان بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە. هەرچەندە ژمارەکە ڕوون نییە، بەڵام هێشتا لانیکەم ١٣٠٠ منداڵ بێسەروشوێنن. ١٠ ساڵ بەسەر قڕکردنی ئێزدییەکان تێپەڕبووە، تا ئەمڕۆ چارەنووسی مناڵە بێسەروشوێنەکان نازانرێت، ئەمەش زۆر بە ئازارە. ئێمە ڕایدەگەیەنین کە ئەم ئازارەمان لەبیر نەکردووە. جارێکی تر بەڵێن دەدەین بۆ ئەوەی منداڵانی تورکیا و کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوین و هەموو جیهان لە ژینگەیەکی سەلامەت و بەشێوەیەکی تەندروست گەورە ببن، تێدەکۆشین!".