"دەستوورێک مافەکانی کوردی تیادا نەبێت چارەسەری لەگەڵ خۆی ناهێنێت"

فاتین کانات سەرۆکی لقی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ لە ئەنقەرە ڕایگەیاند، تاوەکو چارەسەریی دیموکراتیکیانەى کێشەى کورد پێکنەیەت، ئەگەر دەستوورێکی نوێش ئامادە بکرێت، ئەو دەستوورە بۆ درێژخایەن نابێتە چارەسەر بۆ کێشەکانی وڵات.

فاتین کانات، سەرۆکی لقی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی ئەنقەرە (ئیهەدە / ÎHD) ڕایگەیاند، گفتوگۆ لەسەر دەستوور بۆ ئەوە نییە، کە پێوەرە دیموکراسییەکانی تیادا جێگیر و جێبەجێ بکەن.

کانات قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد و ڕایگەیاند، کاتێک ئاکەپە و مەهەپە باس لە ئامادەکردنی دەستوور دەکەن، ئامانجیان شێواندن و دەستکاریکردن و گۆڕینی رۆژەڤە.

کانات وتی، "بارودۆخی ئێستای وڵات لەهەموو بەش و جومگەکاندا ئەوەمان نیشان دەدات، کە قەیران هەیە. لە ڕووی مافەوە هیچ شتێک لە گۆڕێدا نەماوە. نە بەپێی دەستوورن و نە بەپێی یاساکانی ئێستان و نە بەپێی رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانن. سیستمی سەرۆکایەتی دەسەڵاتێکی زۆر بە کەسێک دەدات، هەموو پێکهاتە ئیداری و دادوەری و سیاسییەکان بەفەرمانێک دەگۆڕدرێن.  دەسەڵاتی ئەرکدارکردن و لابردن و کشانەوە بە ئیمزایەک ئەنجام دەدرێت. هەموو جۆرە ناڕەزایەتییەک بە شێوەیەکی توندوتیژانە سەرکوت دەکرێت. لەم هەلومەرجەدا گفتوگۆ و دیبەیت لەسەر دەستوور لەبەر پێویستی بە دێموکراسی نییە و ئامانجیشیان ئەوە نییە، کە دەستبەرداری دۆخ و بڕیاری نائاسایی بن".

کانات لەبارەی پێشنیارەکانی ئۆپۆزسیۆن بۆ گفتوگۆ لەسەر دەستووری نوێ و خاڵەکانی جاڕنامەکەى هەدەپە وتیشی، "دەتوانین بڵێین  لەسەر بنەمای ئەو گفتوگۆیانە هەرگیز کێشەکان چارەسەر نەکراون و چارەسەرییە راستەقینەکان هەڵسەنگاندنیان بۆ ناکرێت. مرۆڤ دەتوانێت ئاماژە بەوە بکات، کە کێشەکان تێکەڵی یەکتر بوون. زۆر ئاشکرایە، کەیسی کورد، کە گەورەترین و جدیترین کێشەی وڵاتە، بەڵام نابینرێت و ئاوەڕی بۆ چارەسەری لێنادرێتەوە.

 دەستووری ساڵی ١٩٢١، کە مەسیحیەکان دەردەکات، لە ڕووی خۆبەڕێوەبەری و خۆسەرییەوە هەندێک تایبەتمەندیی دێموکراسییانەى تێدابوو، بەڵام لە دوای بەهێزبوونی دەسەڵاتی کەمالیستی لە ساڵی ١٩٢٤دا بوو بە دەستوورێکی تەکپارێز (یەک ئاڵا، یەک نەتەوە، یەک دەوڵەت، یەک زمان) و کۆنەپەرست و ڕەگەزپەرست. لەو ڕۆژەوە تا ئێستا ئەم خاکە بووەتە خاکی ژان و ئازار.

 جگە لە پێویستی بە دەستوورێکی نوێ، وڵات پێویستی بە چارەسەرێکی دێموکراسییانەیە بۆ پرسی کورد و ئاشتی و ئازادی و دێموکراسی. تاوەکو ئەو مەرجانە جێبەجێ نەکرێن، ئەگەر دەستوورێکی نوێش بنووسرێتەوە، ئەوا لە درێژخایەندا هیچ چارەسەرێکی بۆ کێشەکانی وڵات پێ نابێت".

ژ.ت