دەوڵەتی تورک هاوسەرۆکانی هەدەپەی لە ئەسەن یورتی ئیستەنبول دەستگیر کرد

پۆلیسی تورک هەڵیانکوتایە سەر بارەگای هەدەپە لە ناوچەى ئەسەن یورت لە ئیستەنبول و دیلان کلچ و ئەرجان ساغلام هاسەرۆکانی هەدەپەی ئەو ناوچەیەیان دەستگیرکرد.

پۆلیسی دەوڵەتی تورک لە ئیستەنبول هەڵیکوتایە سەر بارەگای هەدەپە لە ناوچەى ئەسەن یورتی ئیستەنبول.

کارمەدانی شارەوانیی ئەسەن یورت کاتێک لەبارەگای هەدەپەدا سەرقاڵی کاری تەعقیمکردن بوون، وێنەى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کوردیان گرت و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاویانکردەوە، دوای ئەوەى پۆلیس بە پاساوی بوونی وێنەى ئۆجالان هەڵیکوتایە سەر بارەگەکەى هەدەپە.

پۆلیسەکانی دەوڵەتی تورک لە هەڵکوتانەکەیاندا دەرگاکانی بارەگای هەدەپەیان شکاند بۆ ماوەى ٦ کاتژمێر لە بارەگاکەدا مانەوە و پشکنینیان ئەنجامدا.

پۆلیس دەستیگرت بەسەر بەڵگەکان و دیکۆمێنتەکان، کتێب، فیلم و ئاڵاکانی ناو بارەگاکەى هەدەپەدا. دوای ئەوەش دیلان کلچ و ئەرجان ساغڵام- هاوسەرۆکانی هەدەپەیان لە ناوچەی ئەسەن یورتی ئیستەنبول دەستگیرکرد.

ژ.ت