پێش ئەنجامدانی چالاکیی ساڵی ٢٠١٩ لە کۆڵن بۆ شەرمەزارکردنی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر گرێ سپی و سەریکانی، ٢ بەرپرسی باڵای پۆلیسی ئەڵمانیا لێدوانی تێکدەرانەیان لە دژی چالاکییەکە دابوو. لە دژی هەوڵە تێکدەرانەکانیان دۆزیان لە دژکرایەوە و ئەمڕۆ دادگایکردنیان دەستپێدەکات.
ڕۆژی ١٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا بە پێشەنگایەتی چەندین گروپ و لایەنی چەپی ئەڵمانی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و بە دروشمی "دەبێت هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک رابوەستێنرێن و پشتیوانی لە ڕۆژئاوا بکرێت" چالاکییەکی جەماوەریی ناڕەزایەتی رێکخرا.
هەزاران کەس بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکەدا کرد. جگە لە حیزبی توندەڕەو و دژە کۆچبەری 'ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا (AfD)' لە لایەن هەموو پارتەکانی تری ئەڵمانیاوە پشتیوانی لە چالاکییەکە کرابوو. لە چالاکییەکەدا داواکرا بوو هێرشە داگیرکەرییەکەى دەوڵەتی تورک بۆ سەر گرێ سپی و سەرێکانی، کە لە ٩ی تشرینی یەکەمەوە دەستیپیکردووە، رابوەستێنرێت.
بەڵام پێش دەستپێکردنی چالاکییەکە ٢ بەرپرسی باڵای پۆلیس لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی کۆڵن لێدوانی تێکدەرانە و درۆ و ئاژاوەگێڕانەیان لە دژی چالاکییەکە دابوو.
یوو جاکوب (Uwe Jacob) بەڕێوەبەری ئاسایشی کۆڵن و کلاوس ڕوشنشمیت (Klaus Ruschenschmidt) بەڕێوەبەری پۆلیسی کۆڵن لە ١٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییان ئەنجامدا و تیایدا وتیان، "بەپێی ئەو زانیارییانەی بیستومانە نزیکەی هەزار کورد بە چەک و چەقۆ بەشداری خۆپیشاندانەکە دەبن و هێرش ئەنجام دەدەن". بەو شێوەیە هەوڵیاندا پشتیوانییەکان لە رۆژئاوا وەک کاری تاوانکارانە نیشان بدەن و ترس و درۆیان بە ناو رای گشتی دا لەسەر چالاکییەکی مەدەنی دیموکراتیک و گەلێک بڵاوکردەوە. ئەو لێدانە رۆڵی لە شێواندنی وێنای گەلێک و بزووتنەوەیەک دەبێت لە رای گشتیدا.
پۆلیس بەلێدوانەکەی تاوانی ئەنجامداوە
هەردوو بەرپرسەکەی پۆلیس بانگەشەی ئەوەیان کردبوو کوردەکان هێرش دەکەنە سەر ناوچەکە و داوایان کردبووو، ئەو خۆپیشاندانە، کە مۆڵەتی پێدرابوو، قەدەغە بکرێت.
دوابەدوای ئەو ڕێپێوان و گردبونەوەیە، کە هیچ ڕووداوێکی توندوتیژانە تیایدا رووی نەدا و بە ئاشتی کۆتایی پێهات، رێکخراوێک بە ناوی 'دەستێوەردانی لینکە / Interventionistische Linke' (چەپی تێکۆشەر) لە دژی هەڵوێست و لێدوانی تێکدەرانەى ئەو دوو بەرپرسەی پۆلیس لە دادگا سکاڵای تۆمار کرد و پۆلیسەکانی هێنایە بەردەم دادگا.
ڕێکخراوەکە ڕایگەیاندووە، بەبێ هیچ بەڵگەیەک بانگەشەى ئەوەیان کرد، کە گوایە کورد لە خۆپیشاندانەکەدا توندوتیژی ئەنجام دەدات. پۆلیس، کە بەو شێوەیە کورد و پشتیوانی لە رۆژئاوای کوردستانیان کردە ئامانج، تاوانیان ئەنجامداوە.
بۆیە دۆسیە و سکاڵا لە دژی بەرپرسانی باڵای پۆلیس یوو جاکوب بەڕێوەبەری ئاسایشی کۆڵن و کلاوس ڕوشنشمیت بەڕێوەبەری پۆلیسی کۆڵن تۆمارکرا و ئەمڕۆ دانیشتنی سەرەتایی دۆزەکە لە دادگای کارگێڕیی کۆڵن بەڕێوەدەچێت.
ژ.ت