فیدراسیۆنی کوردانی ئازادی ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات (فەد_کورد) هێرشی سەر ناوەندی کۆمەڵگەی کوردی دیموکراتیکی لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا، بە ڕاگەیاندراوێک شەرمەزار کرد.
ڕایدەگەیەنێت ئەم هێرشە لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵیادی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ٩ ی تشرینی یەکەم پێکهاتووە، هێرشەکە شەرمەزار دەکات و دەڵێت: "ئەم هێرشانە دژی داخوازییەکانی ئازادی و ئاشتی و دیموکراسیی گەلی کورد قبووڵ ناکەین، جەخت دەکەینەوە دەبێت ئەڵمانیا دەست لە سیاسەتی تاوانبارکردنی گەلی کورد هەڵبگرێت".
ئاماژە بەوە دەکات، ئەڵمانیا ٣١ ساڵە مافی ڕێکخراوبوونی گەلی کورد قەدەغە دەکات و داواکارییە دیموکراتیکەکانی گەلی کورد بەشێوەی سیستەماتیک تاوانبار دەکات، ڕایدەگەیەنێت ئەمە گرێدراوە بە سیاسەتی فشار و گۆشەگیری دەوڵەتی تورک لەسەر گەلی کورد و قبووڵکراو نییە.
هەروەها ڕایدەگەیەنێت ئەم هێرشە بناغەی یاسایی نییە و دەڵێت: "ڕاستەوخۆ تێکۆشانی دیموکراتیکی گەلی کورد و مافی ڕێکخستنی کردووەتە ئامانج. پۆلیسی ئەڵمان بەم کارە میزاجییانە مافە دیموکراتیکەکانیان پێشێلکرد و هەڵوێستی ستەمکارییان پیشانداوە".
هەروەها ئاماژە بەوە دەکات بێدەنگی یەکێتیی ئەوروپا و هەڵوێستی فشاری ئەڵمانیا بەرامبەر گەلی کورد، خزمەت بە سیاسەتی گۆشەگیری دەوڵەتی تورک دەکات.
بانگەواز لە حکومەت و بەرپرسانی ئەڵمانیا دەکات بەگوێرەی بەها گەردوونی و دیموکراتیکەکان مامەڵە بکەن و ڕێز لە مافە ڕەوا و دیموکراتیکەکانی گەلی کورد بگرن و کۆتایی بە هێرشە نایاساییەکان بۆ سەر دامەزراوە کوردییەکان بهێنن.