فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کەلتووریی کورد دەستی پێ کرد

٣٢ هەمین فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کەلتووری و هونەری کورد کە یەکێکە لە مەزنترین چالاکییە کەلتوورییەکانی کورد لە ئەوروپا، ئەمساڵ بە درووشمی "گۆشەگیری و داگیرکاری دەشکێنین، ڕێبەر ئاپۆ ئازاد دەکەین" لە پارکی ڕیبستۆکی فرانکفۆرت دەستی پێ کرد.

هەزاران کوردی نیشتەجێی ئەوروپا لە ٣٢ هەمین فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی کەلتووری و هونەری کورد کە یەکێکە لە مەزنترین چالاکییە کەلتوورییەکانی کورد لە ئەوروپا، بە درووشمی "گۆشەگیری و داگیرکاری دەشکێنین، ڕێبەر ئاپۆ ئازاد دەکەین" لە شاری فرانکفۆرتی ئەڵمانیا کۆبوونەوە.

ساڵانە فێستیڤاڵەکە بۆ پاراستنی بەها مێژوویی و کەلتوورییەکانی گەلی کورد ئەنجام دەدرێت، دژی فشار و سیاسەتەکای ئاسیمیلاسیۆنی دەوڵەتی تورک لەسەر کەلتووری کورد، بووەتە سیمبولی بەرخۆدان.

هەزاران کەس سەرلەبەیانی لە وڵاتانی ئەوروپاوە خۆیان گەیاندە گۆڕەپانەکە، کوردستانیان بە جلوبەرگی نەتەوەیی و هەڵگرتنی ئاڵای یەپەگە/یەپەژە و یەبەشە و پەکەکە جۆشێکی مەزنیان پیشاندا.

داخوازی "ئازادی بۆ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان" و درووشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "بێ سەرۆک ژیان نابێ" و "ژن، ژیان، ئازادی" بەرزکرایەوە.

پێشوازییەکی گەرم لە ستاندەکان کرا

لە فێستیڤاڵەکەدا ناڕەزایەتی پیشاندرا دژی فشارەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر کەلتووریی کورد و گەلی کورد و سیاسەتی قەیوم و قڕکردن. هەروەها ستاند بۆ ناساندنی کەلتووری کورد دانرا و پێشوازییەکی گەرم لە ستاندەکان کرا.

دۆستانی گەلی کورد و ڕێکخراوە کەلتوورییەکان بە ڕەنگی خۆیانەوە بەشداری فێستیڤاڵەکە بوون.

مۆسیقای کوردی و هەڵپەڕکێ

لەو ستاندانەی لەلایەن تەڤ-چاند دانران، مۆسیقای کوردی پێشکەشکرا، هەمووان بە هەڵپەڕکێ جۆشێکی مەزنیان بە فێستیڤاڵەکە بەخشی.

هەروەها نووسەرانی کورد لە پێشانگای کتێب لەگەڵ خوێنەران کۆبوونەوە، چاپخانەیەکی کوردی ستاندێکی دانا و کتێبەکانی خستە بەرچاوی خوێنەران.

خێمەی "زارۆک ما" بۆ مناڵان کرایەوە

هەروەها خێمە و ستاندی "زارۆک ما" کرایەوە، مناڵان پێشوازییەکی گەرمیان لە خێمەکە کرد، تێیدا یاری و چالاکی مناڵان پیشاندرا.

ستاندی کۆبانێ

هەروەها ستاندێکی تر دانرا، تێیدا وێنەی سەڵاحەدین دەمیرتاش و زیندانیانی تری دۆزی کۆبانێ کە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە گیران، هەڵواسرا. ستاندەکە یەکگرتنی گەلی کوردی لەگەڵ سیاسەتمەداران پیشاندا.

بەرنامەی فێستیڤاڵەکە بە سروودی "ئەی ڕەقیب" و خولەکێک ڕێزگرتن لە شەهیدان دەستی پێ کرد.

پاشان هاوسەرۆکانی کەجەدەکە-ئە زوبەیدە زومروت و ئەنگین سەڤەر چوونە سەر ستەیج و سڵاویان لە گەل کرد.

زوبەیدە زومروت تیشکی خستەسەر هەڵمەتی ئازادی بۆ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، گوتی: "گەلی کورد لە هەموو گۆڕەپانێک دژی سیاسەتی قڕکردن بەرخۆدان دەکات و ئەم بەرخۆدان و تێکۆشانە، هەڵمەتی ئازادی ڕێبەر ئاپۆ دەگەیەنێتە سەرکەوتن".

زوبەیدە زومروت بانگەوازی کرد بۆ بەشداربوون لە ڕێپێوان و گردبوونەوە ١٦ ی تشرینی دووەم کە لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا بۆ قۆناغی دووەمی هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" ئەنجام دەدرێت.

ئەنگین سەڤەر ئاماژەی بەوە کرد پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لەڕێگەی گۆشەگیری و قڕکردنەوە بەردەوامە، گوتی: "دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە خیانەتی پەدەکە و هاوکاری داعش دەیەوێت قڕکردن لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا ئەنجام بدات. بەڵام ڕۆڵەکانی کورد لە زاپ و مەتینا و ئاڤاشین بەرخۆدان دەکەن. داگیرکەران سەرناکەون. بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ لە هەموو جێیەکی ئەوروپا و وڵات تێکۆشان دەکرێت. بەم تێکۆشانە ئێمە دەرگای ئیمراڵی دەشکێنین و ڕێبەر ئاپۆ ئازاد دەکەین".

لەسەر ناوی تەژەکە-ئە ئایدن کاپلان بە زمانی ئەڵمانی قسەی کرد.

فیستیڤاڵەکە بە گۆرانی بەردەوام بوو.