فیدراسیۆنی نێونەتەوەیی رۆژنامەنووسان ناڕەزایەتیی بەرامبەر ئێران نیشاندا: ڕۆژنامەنووسان ئازاد بکە!

فیدراسیۆنی نێونەتەوەیی ڕۆژنامەنووسان (IFJ) داوای لەئێران کرد، ڕۆژنامەنووسە دەستگیرکراوەکان ئازاد بکات.

فیدراسیۆنی نێونەتەوەیی رۆژنامەنووسان (IFJ) کاردانەوە و ناڕەزایەتیی هەبوو بەرامبەر بە دەستگیرکردنی ١٤ ڕۆژنامەنووس لەلایەن رژێمی ئێرانەوە، کە لە کاتی ڕووماڵکردنی چالاکیی ناڕەزایەتییەکاندا دەستگیرکرابوون.

ئەنتۆنی بلۆگەر سکرتێری گشتیی فیدراسیۆنی نێونەتەوەیی ڕۆژنامەنووسان لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی کۆبوویەوە و ڕایگەیاند، پێویستە مافی ئازادیی ڕادەربڕین و بیروڕا بۆ هەموو گەلان و ڕۆژنامەنووسان دابینکرێت و ئەو مافەیان پارێزراو بێت.

بەگوێرەی فیدراسیۆنی نێونەتەوەیی ڕۆژنامەنووسان، ناوی ئەو ١٤ ڕۆژنامەنووسە، کە لە خۆپیشاندانەکانی ئەمدواییەدا دەستگیرکراون بەم شێوەیەیە: "یەڵدا موعیری، نیلوفەر حامدی، فاتمە ڕەجەبی، ئیلاهە محەمەدی، مەرزیە تەلایی، ویدا ڕەبانی، موجتەبا ڕەحیمی، علی رەزا خۆشبەخت، روحوڵا نەخعی، مسعود کورپور، خوسرەو کوردپور، علی خەتیبزادە، ئیمان بێهپەسەند، ئەحمەد حەلبی ساز، بەتول بیلالی و سەمیرا عەلی نەژاد".

ژ.ت