گاریگۆس: گۆشەگیری ئەشکەنجەیەکی توندە و تاوانە دژ بە مرۆڤایەتی

پارێزەری بە ناوبانگی فەرەنسی و داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤ جەنەڤیڤی گاریگۆس ئاماژەی بەوەدا گۆشەگیری ئەشکەنجەیەکی سەختە و تاوانە دژ بە مرۆڤایەتی و وتی: "پێوستە کۆتایی بە سیاسەتی دووڕویی بهێنین و عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد بکەین."

ماوەی ٤١ مانگە هیچ زانیارییەک دەربارەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان نیە، کە ٢٥ ساڵە لە ئیمراڵی زیندانی کراوە. مافی دیداری لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەرەکانی لێ قەدەغەکراوە. دەوڵەتی تورک لە پێشێلکردنی یاسا ناوخۆیەکانی خۆی و پەیمانە ئیمزاکراوە نێونەتەوەییەکانی بەردەوامە و درێژە بە سیستەمی گۆشەگیری ئیمراڵی دەدات. بۆیە تا دێت ناڕازایەتییەکان لە ئاستی ناوخۆیی و نێونەتەوەیی زیاتر دەبێت لە دژی گۆشەگیری ئیمراڵی.

پێش ماوەیەک ٦١ کەسایەتی فەرەنسی نامەیەکییان ئاڕاستەی کۆمیتەی ڕێگریکردن لە ئەشکەنجەی ئەوروپا نارد و داوایانکرد لە دژی گۆشەگیری ئیمراڵی هەنگاوبگرێتەبەر. لە بارەی دۆخی گۆشەگیرکی ئیمراڵییەوە ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی و سەرۆکی پێشووی ڕێکخراوەی لێبوردنی نێونەتەوەیی، جەنەڤیڤی گاریگۆس بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیکرد.

گاریگۆس ئەوەی دیاریکرد بنەمای ناردنی ئەو نامەیە بۆ سی پی تی ئەوەیە هەموو کەسێک دەربارەی ڕەوشی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان هەنگاوبنێت و وتی: "سی پی تی وەک دامەزراوەیەکەی ئەنجومەنی ئەوروپا، ئەرکی ئەوەیە بەدواداچوون بۆ بارودۆخی زیندانیکردنی بەڕێز ئۆجالان بکات. وەک فەرەنسیەکان داوای ئەوەمان کردووە کە مافی چاوپێکەوتنی عەبدوڵا ئۆجالان و زیندانیانی دیکەی ئیمراڵی فەراهەم بکرێت. کە ماوەی زیاتر لە ٣ ساڵە ڕێگری لە مافی چاوپێکەوتنیان دەکرێت. تا ئێستا نازانین دۆخی تەندروستی ئەوان باشە یان نا، لە ژیاندان یا نا. ئەم دۆخە سەرچاوەی نیگەرانیەکانمانە. تورکیا ئەندامی پەیمانی مافەکانی مرۆڤی ئەنجومەنی ئەوروپایە، بەڵام هەموو ماکانی چاوپێکەوتنی زیندانیانی ئیمراڵی پێشێل دەکات."

'گۆشەگیری تاوانێکە دژ بە مرۆڤایەتی'

گاریگۆس ئاماژەی بەوەدا گۆشەگیری وەک جۆرێک لە ئەشکەنجەی قورس، دژە مرۆڤی و مامەڵەی خراپ پەسەندکراوە و بەم شێوە بەردەوام بوو لە قسەکانی: "گۆشەگیرکردنی مرۆڤ، کاریگەری خراپ لەسەر تەندروستی و دەرونی کەسەکە جێدەهێڵێت. بارودۆخی ئێستای عەبدوڵا ئۆجالان پیشاندەری ڕەوشێکی هەستیارە. گۆشەگیری وەک شێوازێکی ئەشکەنجەی ئاشکرای سزادان و تۆڵەکردنەوە ئەنجام دەدرێت. جگە لەمەش ئەوەی نیگەرانیەکانمانی زیاترکردووە ئەوەیە نازانین ئەم کەسانە لە زینداندایە یان نا، ڕەشی تەندروستییان باشە یان نا، لە ژیاندان یا نا. زانیاری نەدان لەسەر ئۆجالان و هەڤاڵەکانی تاوانێکە دژ بە مرۆڤایەتی. ئەم دۆخانەی نیگەرانی بەخشە و پێویستە ئیدی حکومەتی تورکیا ئەم مرۆڤانە لەناو ئەو بارودۆخەدا نەهێڵێتەوە و کۆتایی بەو دۆخە بهێنێت. بەردەوامیدانی ئەم دۆخە، دەرخەری ئەوەیە لە ئیمراڵی کێشەیەکی مەزن لە ئارادایە. ئەمەش نیگەرانی دیکە بە دوای خۆیدا دێنێت. لەبەر هەڵوێستی تورکیا گەر نەتوانین سی پی تی ناچاربکەین ڕاپۆرتی خۆی بۆ ڕای گشتی بڵاوکاتەوە، ئەو کاتە داوا کە سی پی تی سەردانێکی نوێی ئیمراڵی بکات، مافی عەبدوڵا ئۆجالان و زیندانیانی دیکە بخاتە ژێر پارێزگارییەوە و پەیوەندی بە پارێزەران و بنەماڵەکانیانەوە بسازێنێت."

'عەبدوڵا ئۆجالان بۆ چارەسەری پرسی کورد سەرکردەیەکی گرنگە'

گاریگۆس سەرنجی خستەسەر گرنگی ڕۆڵی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ چارەسەری پرسی کورد و وتی: "بۆ کوردان، بەڕێز ئۆجالان سەرکردەیەکی سیاسی گرنگە. پێویستە بتوانێت بەشداری دانوستاندەکان بێت بۆ چارەسەری پرسەکانی کورد. پێویستە ئەوەش بزانین کە خاکی کوردان لە نێو چەندین وڵاتدا پارچەکراوە، بۆیە دۆخی ئێستا ئاوا ئاڵۆز و شێواوە. لە ئێستا گەلی کورد یەکێکە لەو گەلانەی کە دەوڵەتی نیە؛ پێویستە ڕێگە بە یەکگرتنەوەی خاکە پارچەکراوەکانی کوردستان بدرێت و سەرلەنوێ ببێتەوە بە یەک خاک. پێویستە ئەمەش بە ڕێگەی دیپلۆماسی و دانوستاندنی سیاسیەوە پێشبخرێت و عەبدوڵا ئۆجالانیش بەشداری ئەم دانوستاندنانە ببێت. عەبدوڵا ئۆجالان سەرکردەیەکەی لەو شێوەیە کە دەتوانێت گەلی کورد بکات بە یەک."

'پێویستە عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد ببێت'

گاریکۆس ڕایگەیاند هەڵمەتی 'ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد' گرنگە و پێویستە لێ بکرێت و وتی: "داوا لە ئەمریکا و وڵاتانی ئەندامی ئەنجومەنی ئەوروپا لە سەروی هەموویانەوە فەرەنسا و بەلجیکا دەکەم، بۆ بەردانی عەبدوڵا ئۆجالان هەموو ڕێگەیەک بگرنەبەر. کورد لە ژێر گوشاری سەختی حکومەتی تورکیادایە. پێویستە کۆتایی بەم بابەت بهێنرێت. بۆ ئەوەی یەكێتیەکی هەرێمی لەسەر لەنوێ بئافرێنرێت و ئاشتی بێتە ئاراوە، پێویستە دان بە مافەکانی کورداندا بنرێت و گرەنگی بکرێت."

لە بەردەوامی قسەکانیدا گۆریگۆس سەرنجی خستەسەر هەڵوێسی ئەنجومەنی ئەوروپا و وڵاتانی ئەوروپا لە بەرامبەر یاسا شکێنێیەکانی دەوڵەتی تورک و وتی: "بە هۆکاری جیۆپۆلیتیکی و ڕێکەوتنامەکانی کۆچبەر، هەموو کاتێک چاوپۆشی لە تورکیا دەکرێت. دەمەوێ سەرنج بخەمە سەر چەند بابەتێک؛ لە هەڵبژاردنە خۆجییەکانی تورکیادا، سیاسەتمەدارانی کورد چەندین شارەوانییان بەدەستهێنا. لە ساڵی ٢٠١٩ەوە بەرپرسیارێتی هەندێک لە ئەندام ئەنجومەنی شارەوانییەکان وەرگیرایەوە و دەستگیرکران. ئەم دۆخە تا ئێستاش بەردەوامە. ئەم فشارە دەربارەی هەڵبژاردن، پێویستە ببێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی نیگەرانییەکانی ئەنجومەنی ئەوروپا زیاتر ببێت. وەک ئەندامێکی ئەنجومەنی پاریس، ئەو ڕێکارانەی کە حکومەتی تورکیا بەرامبەر نوێنەرانی کورد بە هەڕەشەکردن، سزادان و زیندانیکردن دەیگرێتەبەر زۆر نیگەرانم."

'ئەوروپا بە شێوەیەکی دووروویانە دەربارەی پەکەکە دەجوڵێتەوە'

گاریگۆس لە کۆتاییدا باسی لەوەکرد نزیکبوونەوە و مامەڵەی ئەوروپا لە بەرامبەر پەکەکەدا، هۆکاری ئاڵۆزتربوونی دۆخی هەرێمەکەیە و وتی: "لەلایەن دامەزراوەی جۆراوجۆرەوە وەک 'ڕێکخراوێکی تیرۆرستی' لە پەکەکە دەڕوانرێت، بەڵام پێویستە ئەوە بیربخرێتەوە کە کورد لە ڕۆژئاوادا لە جەنگی دژ بە داعشدا وەک پاڵەوان تەماشاکرا. ئەوکاتەی کورد لە دژی داعش جەنگا، لە لایەن ئەنجومەنی ئەروپاوە وەک پاڵەوان ڕاگەیاندرا، کەچی کاتێک بۆ پاراستن و دەستخستنی مافەکانی خۆی بەرامبەر تورکیا تێدەکۆشێت ئەوکاتە وەک گروپێکی تێرۆرستی تەماشا دەکرێت.

ئەوروپا ناتوانێت بەردەوام بێت لەم دووڕوویەتییەی خۆی. نابێت بە قوربانیبوونی کورد لەبەرامبەر دەسەڵاتخوازی و دیکتاتۆرێتی تورکیا نەبینین و دوایش داوا لە کورد بکەین لە دژی داعش شەڕبکەن. ئەم دۆخە پیشاندەری ئەوەیە حکومەتە ئەوروپییەکان و ئەنجومەنی ئەوروپا، هەوڵدانێکی باشی نەکردووە بۆ پاراستنی کوردان و لەو ڕوەشەوە قەرزداری کوردە."