گەلی کورد دژی هێرشە داگیرکارییەکان ڕژانە گۆڕەپانەکان

هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە چەندین شار شەرمەزار کرا.

هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەردەوامە. هێرشەکان گۆڕەپانە ژیانییەکانیان کردە ئامانج و چەندین خەڵکی مەدەنیان کوشت.

لە شارەکانی باکوری کوردستان، گەل بۆ شەرمەزارکردنی هێرشە داگیرکارییەکان، هاتنە گۆڕەپانەکان.

ئامەد

ئەندامی پارتە سیاسییەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، پەرلەمانتارانی پارتی چەپی سەوز، خالیدە تورک‌ئۆغلو، چەندی کەسی تر، بە پێشەنگایەتی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) لە پارکی ڕۆژئاوای ناوچەی پەیاسی ئامەد دژی هێرشەکان گردبوونەوە. پۆلیس شوێنەکەی گەمارۆدا و نەیهێشت ڕاگەیاندراو بخوێننەوە، جەماوەر وەک ناڕەزایەتییەک چالاکی دانیشتنیان ئەنجامدا. پۆلیسەکان بە قەڵغانەکانیان گەمارۆیان توند کرد و نەیانهێشت ڕۆژنامەوانەکان وێنە بگرن.  

دێرسیم

ئەندامانی پلاتفۆرمی ڕەنج و دیموکراسی دێرسیم ویستیان لە گۆڕەپانی سەید ڕەزا ڕاگەیاندراوێک لەسەر ئەو بابەتە بدەن. بەڵام پۆلیس هێرشی کردە سەر ئەو چالاکوانانە. لە ئەنجامی هێرشی پۆلیس بۆ سەر شەقامی هونەر، هاوسەرۆکانی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە)ی دێرسیم نازلی چەلیک و فەرهاد یەڵدز، هاوسەرۆکی شارەوانی پەری ئۆرهان چەلەبی کە لە شوێنیدا قەیوم دانراوە، سەرۆکی (EMEP) لە دێرسیم ئەرگون تەکین، چاگداش باگاچ، ئەندەر شیمشەک، عەلی بۆزکورت و حەیدەر یەڵدز دەستبەسەر کران. ئەوانەی دەستبەسەر کرابوون، گواستراونەتەوە بۆ بەشی پۆلیسی دێرسیم.

پەرلەمانتاری پارتی چەپی دێرسیم، ئایتن کۆردو، پاش گەمارۆدانی لەلایەن پۆلیسەوە، ناڕەزایەتی دەبڕی، ڕایگەیاند، دژی سوکایەتیکردن بە ژنان، کوشتنی سڤیل، هەردەم دەنگ هەڵدەبڕین.

ڕحا

دەبەپە و هەدەپە و پارتی چەپی سەوز ویستیان بۆ شەرمەزارکردنی هێرشەکە ڕاگەیاندراو بخوێننەوە، ١٥ گەنجی ئەنتەرناسیۆنالیستیش ویستیان بەشداربن. بەڵام پۆلیس ڕێگەی لێ گرتن.

گەنجە ئەنتەرناسینالیستەکان ویستیان بەشداری چالاکییەکە بکەن، بەڵام پۆلیس بە بیانوی ئەوەی "بەشداری بیانییەکان لە چالاکییەکان قەدەغەیە" ڕێگەی لێگرتن، کەلەپچەیان کردن و دەستبەسەرکران.

لەگەڵ گەمارۆی پۆلیسدا، درووشمی "بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا" بەرزکرایەوە، پۆلیس بە گاز و قەڵغان هێرشی کرد. چەند کەسێکی دەستبەسەر کرد. سەرەڕای هێرشەکانی پۆلیس، پەرلەمانتار دیلان ئایان، ڕاگەیاندراوی خوێندەوە و هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوای شەرمەزار کرد.

١٥ گەنجە ئەنتەرناسیۆنالیستەکە و گەنجە دەستگیرکراوەکانی هەدەپە برانە بنکەی پۆلیسی شارەکە.

وان

لە شەقامی هونەری وان، کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی بەسترا. پۆلیس گەمارۆی شەقامەکەی دا و ویستی ڕێگە لە چالاکییەکە بگرێت، جەماوەر ناڕەزایەتییان بەرامبەر پۆلیس دەربڕی.

پاش هێرشی شەقامی هونەر، زۆر کەس لە کۆڵانەکانی تەنیشت کۆبوونەوە و درووشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "بژی بەرخۆدانی زیندان" و "بژی کوردستان، بژی بەرخۆدان" و "کوردستان دەبێتە گۆڕستانی فاشیزم" و "بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا"یان بەرزکردەوە و ڕێپێوانیان کرد.  

پەرلەمانتاری پارتی چەپی سەوزی وان، مەحمود دیندار، کاتی گەمارۆی شەقامی هونەر، ناڕەزایەتی دەربڕی، گوتی تەنها ڕێگە لە هەدەپە دەگیرێت، پارتەکانی دەسەڵات و نزیکەکانیان هەردەم لێرە چالاکی دەکەن. ئەم کارە نایاساییە قبووڵ ناکەین.

هەروەها هێرشکرایە سەر ڕۆژنامەوانان، جەماوەر بە چەپڵەلێدان بەرەنگاری هێرشەکان بوونەو.ە

لە ئاگری و موش و قەرس و ئیدر بەهەمانشێوە ڕێگە لە چالاکی گیرا.

مێردین

هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر  باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە مێردین شەرمەزارکران. پەرلەمانتارانی پارتی چەپی سەوز و چەندین ئەندامی پارتە سیاسییەکان لەبەردەم بینای هەدەپە بەشداری چالاکییەکە بوون. ئەندامی پارتی چەپی سەوزی مێردین، کاموران تانهان، ئاماژەی بەوە کرد، هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا دژی یاسا نێونەتەوەییەکانە و سڤیل دەکوژرێت، گوتی: "بۆ فەڵەستین و ئیسرائیل، داوای ئاشتی دەکرێت، بەڵام بۆ کورد هەموو شتێک پشتگوێ دەخرێت".

تانهان، بانگەوازی کرد بۆ بەشداربوون لە گردبوونەوەی ئاشتی کە سبەینێ لە کاتژمێر ١٣:٠٠ لە گۆڕەپانی ئازادی ناوچەی قۆسەر بەڕێوە دەچێت.

مێرسین

هەدەکە و پارتی چەپی سەوز، هەدەپە و ژمارەیەک لە هاوڵاتیان هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیان شەرمەزار کرد. ویستیان لە پارکی ئۆزگور کۆچوک ڕاگەیاندراو بخوێننەوە، بەڵام پۆلیس بەردەم بیناکەی گرت و نەیهێشت جەماوەر بچنە پارکەکە. لە دژی ئەمە جەماوەر لەبەردەم بینای هەدەپەی مێرسین ڕاگەیاندراویان خوێندەوە، بەردەوام دروشمی "بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا" بەرزدەکرایەوە.

پەرلەمانتاری پارتی چەپی سەوزی مێرسین، عەلی بۆزان، ئاماژەی بەوە کرد، لە شەڕی فەلەستین و ئیسرائیل سڤیل دەکوژرێت و ئێمە دژی ئەمەین، گوتی: " سەرۆک کۆمار [ئەردۆگان] دەڵێت؛ لە غەززە ئاو و کارەبا نییە، قوتابخانە و مزگەوتەکان بۆردومان دەکرێن. کوا مافی مرۆڤ؟ بەڵام بە فەرمانی ئەو ڕۆژئاوا بۆردومان دەکرێت و خەڵکی سڤیل لەبەرچاوی هەموو جیهان دەکوژرێن. دەبێت داوای مافی مرۆڤ بۆ غەززە بۆ ڕۆژئاواش بکرێت. ئێمە هەر هێرشێک دژی ڕۆژئاوا وەک هێرشێک بۆ سەر خۆمان و ماڵەکەمان دەبینین".

پاش وتەکان، جەماوەر لەبەردەم بینای پارتەکە چالاکی دانیشتنیان ئەنجامدا.