گەورەترین سەندیکای بەریتانیا داوای "ئازادی بۆ ئۆجالان" کرد

سەندیکای کرێکارانی بەریتانیا و ئیرلەندا بە ناوی یەکێتیی یەکگرتوانە، کە ملیۆنێک و ٣٠٠ هەزار ئەندامی هەیە، لە کۆنفرانسی ساڵانەى خۆیدا بۆ ساڵی ٢٠٢١ وێنەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان-یان بەرزکردەوە و داوای ئازادییان بۆ ئۆجالان کرد.

کۆنفرانسی ساڵی ٢٠٢١ی سەندیکای کرێکارانی بەریتانیا و ئیرلەند بە ناوی یەکێتیی یەکگرتوانە  (Unite The Union - یونایت زە یونێن)، ناسراوە بە یونایت (UNITE) بە بەشداریی ٧٠٠ نوێنەری ئینگلتەرا و ئیرلەندای باکوور بەڕێوەچوو. نوێنەرانی کۆنفرانسەکە وێنەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و پۆستەرەکان بۆ داوای ئازادیی ئۆجالانیان گرت بە دەستەوە و هەستانە سەرپێ و پشتیوانیی خۆیان بۆ ئازادیی ئۆجالان دەربڕی.

کۆنفرانسەکە چەندین بابەتی بواری سەندیکایی و کێشەکانیان لە ئاستی نێونەتەوەییەدا خستبووە بەرنامەى کاری خۆیەوە و  کۆنفرانسەکەیان بە ئەنجامدانی چالاکییەک بۆ پشتیوانی لە گەلی کورد دەستیپێکرد.

شارۆن گراهام سکرتێری گشتیی سەندیکاکە، کە یەکەم ژنە بووە بە سکرتێری سەندیکای یەکێتیی یەکگرتوانە، یەکێک بوو لەو نوێنەرانە، کە پۆستەری ئازادیی بۆ ئۆجالان بەرزکردبووە. هەروەها شارۆن گراهام سکرتێری گشتیی سەندیکای یەکێتیی یەکگرتوانە داوای 'ئازادی بۆ ئۆجالان'ی لە ئەکاونتی تویتەرەکەیدا بڵاو کردەوە.

شارۆن گراهام لە تویتەرەکەیدا ئەم پەیامەى بڵاوی کردەوە: "نوێنەرانی کۆنفرانس لەسەر سیاسەتەکانی یەکێتیی یەکگرتوانە دەڵێن، 'ئێستا کاتیەتی' (#thetimeisnow). دەبێت دەوڵەتی تورک ئۆجالان ئازاد بکات و سەرلەنوێ لەگەڵ نوێنەرانی گەلی کورد دەست بە دانوستان بۆ ئاشتی بکاتەوە".

لە چوارچێوەی کۆنفرانسەکەدا ڕۆژی پێنجشەممە پانێڵێک بەڕێوەچوو و لە پانێلەکەدا داوای ئازادکردنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، لابردنی پەکەکە لە لیستی ڕێکخستنە تیرۆریستییەکان و چارەسەری دیموکراتیک و ئاشتییانەی کێشەى کورد کرا.

یەکێتیی یەکگرتوانە ئەو سەندیکا بەریتانیاییە، کە  لەگەڵ سەندیکای گشتیی کرێکاران (GMB - جی ئێم بی)، کە ئەویش ٨٠٠ هەزار ئەندامی هەیە، کەمپەینی "ئازادی بۆ ئۆجالان"یان لە ساڵی ٢٠١٦ەوە دەستپێکردووە.

 کەمپەینەکە هێشتا بە فەرمی لەلایەن سەندیکاکانی، سەندیکای کرێکارانی بەریتانیا و ئیرلەند بە ناوی یەکێتیی یەکگرتوانە  (Unite The Union - یونایت زە یونێن) ناسراوە بە یونایت (UNITE)، سەندیکای گشتیی کرێکاران (GMB - جی ئێم بی)، سەندیکای کارمەندانی ئاگرکوژێنەوە (ئێف بی یو -FBU )، سەندیکای شۆفێرانی شەمەندۆفێر (ئەی ئێس ئێل ئی ئێف - ASLEF) و (تی ئێس ئێس ئەی - TSSA)، سەندیکای بارهەڵگرە دەریاییەکان و ڕێگای ئاسنین (ئاڕ ئێم تی – RMT)، سەندیکای کرێکارانی فرۆشگاکان، دابەشکاران و کرێکارانی پەیوەندیدار (یو ئێس دی ئەی دەبلیو – USDAW)، سەندیکای دیدگا؛ یەکێتی بۆ بەدیهێنانی خەونەکان (پرۆسپێکت – PROSPECT)، فیدراسیۆنی سەندیکاکانی گشتیی کرێکاران (جی ئێف تی یو / GFTU)، یەکێتیی کرێکارانی خزمەتى گشتی و بازرگانی (پی سی ئێس – PCS)، سەندیکای مامۆستایانی سکۆتلاند (ئی ئای ئێس – EIS)، کۆنگرەى یەکێتیى سەندیکاکان و بازرگانی (تۆ یو سی / TUC)، سەندیکای راوێژکاریی پارێزەران (تۆمپسۆنس سۆلیستۆرس – Thompsons Solicitors)، سەندیکای کرێکارانی ڕاگەیاندن (سی دەبلیو یو – CWU)، یەکێتیی مامۆستایانی بەریتانیا (ئێن، ئی، یو / NEU) بەبڕێوەدەچێت.

لە ئەیلولی ٢٠١٨دا لە ١٥٠هەمین کۆنگرەی کۆنفیدراسیۆنی یەکێتیی سەندیکاکان و بازرگانیی بەریتانیا (تی یو سی – TUC)، کە زیاتر لە ٦ ملیۆن ئەندامی هەیە، هەزاران نوێنەر بە یەکدەنگی پشتیوانییان لە کەمپەینی "ئازادی بۆ ئۆجالان" کرد.

ژ.ت