هاینز بیرباوم: پێویستە قەدەغەی سەر پەکەکە هەڵبگیردرێت

سەرۆکی پارتی چەپی ئەوروپا هاینز بیرباوم رایگەیاند، "ئێمە پشتیوانی لە نەهێشتنی قەدەغەى سەر پەکەکە دەکەین" و راشیگەیاند، "پێویستە ناوی پەکەکە لە 'لیستی تیرۆر' دەربهێنرێت".

هاینز بیرباوم سەرۆکی پارتی چەپی ئەوروپا  (European Left Party EL) داوایکرد ناوی پەکەکە لە "لیستی ڕێکخستنە  تیرۆریستییەکان" دەربهێنرێت.

بیرباوم وتیشی، قەدەغەی سەر پەکەکە گەورەترین بەربەستە بۆ ئاشتی لە تورکیا و کوردستان و ناوچەکە و وتیشی، پەکەکە لە شەڕی دژی داعشدا بەرگریی لە بەها مرۆییەکان کردووە و بەها مرۆییەکانی پاراستووە.

بیرباوم ئەوەشی وت: "هەڵگرتنی قەدەغەی سەر پەکەکە و لابردنی ناوی پەکەکە لە لیستی تیرۆری یەکێتی ئەوروپا بۆ تورکیا و تەواوی ناوچەکە دەبێتە هۆی گرتنەبەری هەنگاوێکی ڕاست بۆ پرۆسەی ئاشتی. لەبەر ڕۆشنایی تێکۆشانی پەکەکە و هاوپەیمانەکانی لە دژی داعش و ڕزگارکردنی سەدان هەزار ئەندامی کەمینە نەتەوەیی و کەمینە ئاینییەکان، دەبێتە نیشانەی گرنگیی پشتگیری و داننان بە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد دا".

بیرباوم وتیشی: بەهۆی قەدەغەی سەر پەکەکە کورد نەک تەنها لە تورکیا، بەڵکو لە ئەوروپاش مافەکانیان دەستبەسەر و زەوت دەکرێت و کوردانی ئەوروپاش لە ژیانی سیاسی دادەبڕێندرێن و دوور دەخرێنەوە.

بیرباوم لە بەردەوامیی وتەکانیدا ئەوەشی وت: "بە هۆی قەدەغەی سەر پەکەکە و گوشار و کۆنترۆڵی ئەمنی رێگا نادرێت کوردانی دانیشتووی یەکێتیی ئەوروپا و بزووتنەوە سیاسیی کورد چالاکانە کار و رۆڵی خۆیان ئەنجام بدەن. لە ئەنجامی ئەو قەدەغەکارییەدا دەیان هەزار مرۆڤی کورد لە ئازادیی ڕادەربڕین، رێکخستنی کۆڕ و کۆبوونەوە، کاری ڕۆژنامەگەری و مافە بنەڕەتییەکانیان بێبەشکراون و ئەوەش رێگرە لە بەردەم ئاوێتەبوونی کورد و ئینتیگراسیۆنیان لەگەڵ کۆمەڵگەى ئەوروپی".

بیرباوم لە کۆتایی وتەکانیدا ڕایگەیاند، هاوکارییە سەربازییەکانی دەوڵەتانی ئەوروپا بۆ دەوڵەتی تورک ئیدانە دەکەن و نایانەوێت وڵاتانی ئەوروپا چەک ڕەوانەی تورکیا و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە بکەن.

ژ.ت