کۆمیتەی بەڕێوەبەری بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی گەلانی یەکگرتوو (هەبەدەهە) بە ڕێزدارییەوە یادی بەرخۆدانی گەورەی کرێکاران لە ١٥-١٦ی حوزەیرانی ١٩٧٠ی کردەوە و ئەو یادی بە سەرهەڵدانی چینی کرێکار لە گۆڕەپانی مێژوو و بڵاوبوونەوەی هۆشیاری چینایەتی پێناسە کرد.
هەبەدەهە ڕایگەیاند؛ لەو ماوەیەدا کە حکومەت هەوڵی دەدا دەست بەسەر مافی سەندیکای کرێکاراندا بگرێت، خۆپیشاندانی بەرفراوان لە ئەستەنبوڵ و ئیزمیر سەریهەڵدا و کرێکاران بە وەستاندنی کاری بەرهەمهێنان هێزی خۆیان نیشان دا، ئەمەش دەسەڵاتی ترساند و مەجبوور بە پاشەکشە بوو.
هەبەدەهە جەختی لەوە کردووتەوە کە ئەم بەرخۆدانە تەنیا پرسێکی سەندیکای کرێکاران نییە، بەڵکو تێکۆشانێکی چینایەتییە کە بەشێکی زۆری کۆمەڵگای گرتووتەوە. هەبەدەهە ڕوونی کردەوە کە ئەگەرچی بەرخۆدانی ١٥-١٦ی حوزەیران بە ئامانجی دژایەتیکردن و ڕەتکردنەوەی مافی سەندیکای کرێکاران بوو، بەڵام داواکاری هاوبەشی گەلانی بندەستی نیشان دا و بووە هۆی بەئاگاهاتنەوەی کۆمەڵگا.
هەبەدەهە رایگەیاند بۆ سەرکوتکردنی ئەم تێکۆشانە، سەرمایە و دەوڵەت بە یاسای سەربازی، کودەتا و هێرشی ئایدیۆلۆژی، ڕێکخستنەکانی چینی کرێکاریان کردە ئامانج، بەڵام بەرخۆدانی خەڵک سەرەڕای هەموو زوڵم و چەوساندنەوەکان بەردەوام بوو. بەرخۆدانی گەزی وەک نموونەیەک سەری هەڵدا.
لە سەردەمی دەسەڵاتداری ئاکەپەدا، فشارەکان لەسەر کرێکاران بە شێوەیەکی بەردەوام زیادیان کرد. مانگرتنەکان قەدەغە کرا، مافی سەندیکاکان ڕەتکرایەوە و لە شوێنی کاردا کوشتنەکان پەرەی سەند. حکومەت لە ناوخۆدا هێرشی کردە سەر کرێکاران و گروپە ئۆپۆزسیۆنەکان و لە سیاسەتی دەرەوەدا هاوکاری هێزە داگیرکەر و ئیمپریالیستەکانی دەکرد. ئەم فشارانە تەنیا لە ئاکەپەدا سنووردار نەبوون. لە نموونەی بەرخۆدانی کرێکارانی شارەوانی ئیزمیردا بۆ نموونە جەهەپە سیاسەتی دژ بە کرێکارانی جێبەجێ کرد. ئەو عەقڵیەتەی جەهەپە کە لە ڕابردوودا هێرشی دەکردە سەر کرێکارانی مانگرتوو، ئەمڕۆش بەردەوامە. هۆکاری ئەوەی کە ئاکەپە ناتوانێت هەندێک هێرش ئەنجام بدات، ئەوەیە کە ئێستا چینی کرێکار بەڕێکخراوەیی تر و هۆشیارترە بە نیسبەت بە ڕابردوو.
هەبەدەهە لە کۆتاییدا بە ئاماژەدان بە تێکۆشانی شۆڕشگێڕیی یەکگرتووی چینی کرێکارانی تورکیا و کوردستان ڕایگەیاند: "هێزی کرێکاران کە لە بەرهەمهێنانەوە سەرچاوەی گرتووە، دەتوانێت سیستەمی سەرمایەداری و سیاسەتی ئیمپریالیستی بڕوخێنێت. لەم چوارچێوەیەدا، هەبەدەهە بانگەوازی لە کرێکاران، گەلانی بندەست، ژنان و هەموو بەشە پێشکەوتووەکان کرد کە خۆیان بەڕێکخستن بکەن و داوای لە هەموو لایەک کرد بۆ تێکۆشانێکی یەکگرتوو لە پێناو داهاتوویەکی بە بێ چینایەتی، چەوسانەوە و ئازاد تێکۆشانیان بەرز بکەنەوە.