هەدەپە؛ ٢٩٥ کەس دەستگیرکراون، دەسەڵات لە هەولی ئاژاوەگێڕیدایە

هاووتەبێژی لیژنەی یاسایی و مافەکانی مرۆڤی هەدەپە نورای ئۆزدۆغان رایگەیاند، "لە ماوەی مانگێکدا ٢٩٥ کەس دەستگیرکراون و ٦١ کەسیان زیندانیکراون". ئۆزدۆغان ئەوەشی خستەڕوو کە دەسەڵات لەهەوڵی ئاژاوەنانەوەدایە.

هاووتەبیژی لیژنەی یاسایی و مافەکانی مرۆڤی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) نورای ئۆزدۆغان سەبارەت بە ئۆپراسیۆنەکانی دەستگیرکردن لە ئامەد، ئەنقەرە و ئیستەنبوڵ لە بارەگای گشتیی هەدەپە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانی سازکرد.

ئۆزدۆگان باسی لەوەکرد کە دەسەلات جگە لە خۆی بە هەموو کەس دەڵێت "تیرۆریست" و وتی: "ئەو ئۆپراسیۆنانەی لە دژی پارتەکەمان و هەموو لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن دەکرێن لەلایەن دادگا و یاسای ئاکەپەوە ئەنجام دەدرێن و بە هۆی هەڵبژاردنەوە زیادیان کردووە".

ئۆزدۆغان سەرنجی بۆ ئاماری یەک مانگی دەستگیرکردن و زیندانی کردنەکان راکێشا و وتی: "لە دژی ئەندامان و بەڕێوەبەرانی پارتەکەمان، لە دژی ئەندامان و بەڕێوەبەرانی پارتی چەپی سەوز، لە دژی ئەندام و بەڕێوەبەرانی  دەبەپە، لە دژی ئەسەپە، رۆژنامەوانان، مافناسان، هونەرمەندان، نوێنەرانی رێکخراوە مەدەنییەکان لە ئۆپراسیۆنەکاندا ٢٩٤ کەس دەستگیرکراون و لە کۆی ئەو کەسانەش ٦١ کەسیان بڕیاری زیندانی کردنیان بەسەردا سەپێندراوە. لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی ١٤ی ئایار لە دژی پارتەکانمان، کوردان و ئۆپۆزسیۆن گوشار و ستەمکاری زیادیان کردووە. بێگومان هۆکارێکی هەیە، ئەوەش ئەنجامی راپرسیەکانە. ئاکەپە کەوتووەتە دۆخی ترس و تۆقینەوە."

ئۆزدۆغان سەرنجی راکێشا بۆ سەر قسەکانی سولەیمان سۆیلو کە بە هەڵبژاردنی ١٤ی ئایاری وتووە "کودەتا" و بەم جۆرە درێژەی بە قسەکانیدا: "کاربەدەستانی ئاکەپە دەستیان بەو قسانە کردووە کە ترس و تۆقینی پێوە دیارە. سولەیمان سۆیلو کە هەزاران پۆلیس، سەرباز و پاسەوان دەخاتە دوای خۆی و هێشتاش وەزیری ناوخۆیە، هەڵبژاردنی ١٤ی ئایار وەک 'هەوڵی کودەتا' ناو دەبات. بۆ پاراستنی ئاسایشی هەڵبژاردن دەبێت دەستبەجێ کۆتایی بە ئەرکی وەزارەتی ناوخۆی سولەیمان سۆیلو بهێندرێت. هەر کە هەڵبژاردن نزیک دەبێتەوە قسەی بارگاوی بە رق و ترس زیاتر دەبن. دەسەڵات دەستی بە دوژمنایەتی هەموو کەس کردووە. ئەو گەمە و دوژمنکارییە لە ١٤ی ئایاردا کۆتایی دێت و لەناو دەچێت. ئێمە لە دژی ئاژاوەگێڕی داوا لە هەمووان دەکەین وشیار بن و هەڵوێستیان هەبێت".

هـ . ب