هەدەپ لە پێناو 'دامەزراندنی کۆماری دیموکراتیک' بانگەوازی راگەیاند
هاوسەرۆکانی هەدەپ تولا هاتیمئۆگیولاری و تونجەر باقرخان لەپێناو کاری پێکەوەیی بۆ دامەزراندنی کۆماری دیموکراتیک بانگەوازیان راگەیاند.
هاوسەرۆکانی هەدەپ تولا هاتیمئۆگیولاری و تونجەر باقرخان لەپێناو کاری پێکەوەیی بۆ دامەزراندنی کۆماری دیموکراتیک بانگەوازیان راگەیاند.
هاوسەرۆکانی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (هەدەپ) تولای هاتیمئۆگیولاری و تونجەر باقرخان بە بۆنەی سەدەم ساڵەی دامەزراندنی کۆماری تورکیا راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە.
هاوسەرۆکانی هەدەپ رایانگەیاند: "بەر لەوەی سەد ساڵی دیکەش لەدەست بچێت و بە فیرۆ بروات، بۆ ژیانی پێکەوەیی و یەکسانی گەلان، ئایینەکان، بندەستان و ژیانێکی دیموکراتیک با پێکەوە کۆماری دیموکراتیک دابمەزرێنین".
هاوسەرۆکەکان ئەوەشیان وتووە، "دیموکراتیککردنی کۆمار ئەرکی مێژووییمانە، کۆمار سەدەیەکی تێپەڕاند" و بەم جۆرە بەردەوام بوون: " لەگەڵ دەستپێکردنی دووەم سەد ساڵدا، سەرلەنوێ دامەزراندنەوەی کۆماری دیموکراتیک وەک ئەرکێکی مێژوویی لەسەر شانمانە. سەرەکیترین کەموکوڕی سەدساڵی یەکەم ئەوە بوو کە لە دیموکراتیکبوون بێبەش بوو. کولتور، ئایین و ناسنامە جیاجیاکان لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوونی یەکسان بە شێوەیەکی ئازاد و رێزلێگیراو دەرفەتی ژیانیان پێنەدرا، ئەقڵیەتی تاکڕەنگ باڵادەست بوو. لەبەر ئەوەش پرسی کورد بە شێوەیەکی دیموکراتیک و ئاشتیانە چارەسەر نەکرا.
لەگەڵ دەستپێکردنی دووەم سەد ساڵدا دامەزراندنی کۆماری دیموکراتیک کلیلی بونیادنانی نەتەوەی دیموکراتیک و هاووڵاتیبوونی ئازادە. بەتایبەتی پرسی کورد، گەل و ئایینەکان لە رێگەی کۆماری دیموکراتیکەوە چارەسەر دەکرێت. کۆمارێک کە لە تورکیا بە دیموکراسی تاجدار بکرێت و بنەخەشێندرێت، دەرفەتی ژیانی ئاشتیانە بە کورد، تورک، عەرەب، ئەرمەن، یەهودی، فارس، سوریانی و هەموو گەلانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبەخشێت، بەم جۆرە دەبێتە یارمەتیدەری کێشە مێژووییەکان لە ناوچەکە. وەرەن لە سەد ساڵەی یەکەمەوە وانە وەربگرین. بەر لەوەی سەدەیەکی دیکەش لە دەست بچێت و بە فیرۆبڕوات، لەپێناو ژیانێکی پێکەوەیی و یەکسانی گەلان، ئایینەکان، چەوساوە و بندەستان و ژیانێکی دیموکراتیک، با پێکەوە کۆماری دیمکراتیک دابمەزرێنین".