هەدەپە سکاڵای لەسەر محەمەد ئەیمور سەرۆکی پێشووی بەشی دژەتیرۆری دەزگای هەواڵگریی دەوڵەتی تورک (میت) و بەرپرسانی دیکەی دەوڵەت تۆمار کرد، کە لەگەڵ ئەیمور دا کاریان کردووە.
محەمەد ئەیمور لە ٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ دا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پەیامنێرێک دا دانی بەوەدا نا، کە ئەشکەنجەیان ئەنجامداوە.
کۆمسیۆنی یاسا و مافی مرۆڤی هەدەپە رایگەیاند، "لە چوارچێوەی بڕکەى شەش لە خاڵکی ٩٤ی یاسای سزاکان بە ژمارە ٥٢٣٧ ، لە تاواندا ئەوەى بووەتە بابەتی سکاڵا و (تاوانی ئەشکەنجەدان)ی ئەنجامداوە، تێپەڕبوونی کات بۆ لێکۆڵینەوەکردن لەسەری گرنگ نییە، چونکە لە بنەڕەتدا ئەشکەنجە پەیوەندیی بە پێشێلکردنی مافەکان و ئەنجامدانی تاوانی قورسەوە هەیە و دەبێت دانپیادانانیش وەک بەڵگەیەک قبوڵ بکرێت. بۆیە لەو چوارچێوەیەدا لەسەر محەمەد ئەیمور و هەموو بەرپرسان / ئەنجامدەران و ئەوانەى لەگەڵیدا بەشدار بوون و کاریان کردووە، سکاڵامان تۆمار کرد تاوەکو بکەونە ژێر پرۆسەى لێکۆڵینەوەى کاریگەر و سەربەخۆ و ئەوەش داوای ئێمەیە وەک حیزب و موەکیل و رای گشتییە".
ئەوە لە کاتێکدایە ساڵانی ١٩٩٠ دا دەزگای هەواڵگری دەوڵەتی تورک (میت) سەدان تاوانی تیرۆرکردن و کوشتن و رفاندن و بێسەروشوێنکردنی ئەنجامداوە. بەدەر لە هەموو یاساکان هاووڵاتییان رفاندووە و ئەشکەنجەیان کردوون و بێسەروشوێنیان کردوون. دۆسیەى رفاندن و کوشتن و بێسەروشوێنکردن، یەکێکە لە گەورەترین دۆسیەکانی تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەت، کە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە لە دژی گەلی کورد ئەنجامدراوە. سەرباری ئەوەى دەوڵەتی تورک تاوانبارەکان دەپارێزێت، بەڵام بزووتنەوەی ئازادیی گەلی کورد هەموو کارێک دەکات بۆ ئاشکراکردنی تاوانەکانیان و دادگایکردنی تاوانباران.
ژ.ت