دەستەی بەڕێوەبەرایەتی ناوەندیی هەدەپە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا بێزاری خۆی پیشاندا لەمەڕ هەڵمەتەکانی قڕکردنی سیاسی لەلایەن دەسەڵاتی ئاکەپە_مەهەپە، لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: «حکومەتی ئاکەپە_مەهەپە پشتیوانی گەل و ڕەوایەتی کۆمەڵایەتی لەدەستداوە، لەگەڵ نزیکبوونەوەی قۆناغی هەڵبژاردنەکان، هەڵمەتی قڕکردنی سیاسی چڕکردۆتەوە، لەم چوارچێوەیەدا، هەڵمەتی قڕکردنی سیاسی لە شاری ئامەد دژی پارتەکەمان و ڕۆژنامەنووسان و پارێزەران، دوێنێش لە ئەنقەرە و ئەمڕۆ لە ئەستەنبوڵ بەردەوامە؛ هەروەک شاهین توموکلو هاوسەرۆکی گشتی پارتی سۆسیالیستی چەوساوەکان (ESP) دەستگیرکرا کە بەشێکە لە پارتەکەمان، لەگەڵ دەستگیرکردنی کاندیدانی پارتی چەپی سەوز و ئەندامانی پارتی سۆسیالیستی چەوساوەکان و ڕۆژنامەنووسە ناڕازییەکان».
لە ڕاگەیاندراوی هەدەپەدا هاتووە:
«پێشتر ئاماژەمان پێ کرد، دووبارە ئاماژەی پێ دەکەین، ئەم هەڵمەتی دەستگیرکردنانە پلانێکە دژی ئیرادەی دەنگدەرانی تورکیا، ئەم هێرشانە پرۆسەکانی هەڵبژاردن لە تورکیا دەکەنە ئامانج، پارتەکەمان و پێکهاتەکانمان و هێزە تێکۆشەرەکانی تورکیا تا کۆتایی لە دژی ئەم کودەتایە تێدەکۆشین. هەرگیز ملکەچی کودەتای قەیومەکانی حکومەت نەبووین، ئەمڕۆش ملکەچی ئەم کودەتایە نابین لە دژی هەڵبژاردنەکان. ئێمە خاوەنی هێز و خۆڕاگریین بۆ کۆتایی هێنان بەم ئۆپەراسیۆنە نائەخلاقییانەی دەسەڵات و وەزیری کاروباری تاوان کە ئیرادە و هەڵبژاردنی گەل بە «کودەتا» ناودەبات.
داوا لە هەموو پارتە سیاسییەکان، ناڕازییەکان، ڕای گشتیی دیموکراتیک دەکەین:
دژی ئەم ڕووگەیەی هەڵبژاردنەکان بوەستنەوە، ئەم هەڵمەتە دژی هەموومانە، ئەم ئۆپەراسیۆنە، ئۆپەراسیۆنی سیاسەتی ڕووگەیە، هەوڵە بۆ دزینی سندووقەکانی دەنگدان و ئیرادەی گەل، بۆیە پێویستە هەمووان دژی ئەم ڕژێمە سەرکوتکار و تاکەکەسییە بوەستنەوە».
ف.ق