'هەم دۆسیەی گەزی و هەمیش دۆسیەی کۆبانێ بە یاسای تۆڵەسەندنەوە بەڕێوەدەبرێن'

یەک لە پارێزەرانی ئۆهەدە وەیسی ئەسکی رایگەیاند کە بێیاسایی بووەتە سیستمی دادوەری لە تورکیا و وتی، "لە دۆسیەی گەزی و کۆبانێدا بەیاسای تۆڵەسەندنەوە مامەڵە دەکرێت".

ئەندامی کۆمەڵەی مافناسان بۆ ئازادی (ئۆهەدە) پاڕێزەر وەیسی ئەسکی کە لەپێناو ئازادکردنی پەرلەمانتاری پارتی کرێکارانی تورکیا (تیپ) جان ئاتالای لەبەردەم دادگای چاغڵایان لە ئێشکگریی دادپەروەریدایە قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کرد.

بەپێی دەستوور و یاسا دەبێت هاوپیشە و موەکیلەکەی جان ئاتلای کە لە هەڵبژاردنی ١٤ی ئایاردا بۆ پەرلەمان هەڵبژێردراوە، پێویستە ئازاد بکرێت، بەڵام بەهۆی مامەڵەی هەڕەمەکیان دادگاکانەوە رێگری لە ئازادبوونی دەکرێت.

وتیشی، هەمان دۆخ لە ٤ی تشرینی دووەمی ٢٠١٦دا بەسەر سەلاحەدین دەمیرتاش و ژمارەیەکی زۆر سیاستەمەداری کورددا هێنرا، وەک دەزانرێت ئەو کاتە بە پشتیوانی جەهەپە مافی پارێزبەندی تەنیا لە پەرلەمانتارانی هەدەپە سەندرابووەوە. کردەی نایاسایی و پێشێلکارییەکان سەرەتا دژی کوردان تاقی دەکرێنەوە. کاتێک بەرامبەر ئەوان جێگیرکرا، ئەو کاتە بەرامبەر بەرهەڵستکارانی دیکەش تاقیدەکرێتەوە.

جەختیشی کردەوە، کە "لە دژی بەرهەڵستکاران یاسای دوژمندارانە پەیڕەو دەکرێت، بەتایبەتی لە دۆسیەکانی گەزی و کۆبانێدا یاسای تۆڵەسەندنەوە بەرکارە و دەسەپێندرێت. دەسەڵات کێشەی لەگەڵ گەزی و کۆبانێ هەیە، هەربۆیە لەو دوو دۆسیەدا پلانێکی تۆڵەسەندنەوە جێبەجێ دەکات".

پارێزەر ئەسکی ئەوەشیخستەڕوو، کە دەستەی باڵای دادوەری و دادوەران ئەرکی خۆی بەجێناگەیەنێت و دەستنیشانی کرد کە دەبێت ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن و لەبارەی دەستەی لقی ١٣ی دادگای سزای قورسەکانەوە دەست بە لێکۆڵینەوە بکەن.

پارێزەر جان ئاتالای کە بەهۆی بەسداریکردنی لە خۆپیشاندانەکانی پارکی گەزی ئیستەنبوڵ لە زینداندایە، لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا لە زیندانەوە لەسەر لیستی پارتی کرێکارانی تورکیا (تیپ) خۆی کاندیدکرد، بەڵام تائێستا ئازاد نەکراوە.

هـ. ب