هێرش دژی دامەزراوەکانی زمان و گۆشەگیری شەرمەزارکرا: سەفەربەر بن!

هێرش دژی دامەزراوەکانی زمانی کوردی و گۆشەگیری ئیمراڵی شەرمەزار کرا و بانگەوازی سەفەبەری کرا.

بە پێشەنگایەتی نوێنەرایەتی کۆمەڵەی لێکۆڵینەوەی زمان و کەلتوور و هونەری ئارسیسا لە ناوەندی وان دەربارەی هەڵکوتانەسەر مەد_دەر و ناوەندی ئەنکا و پایزە پەرتووک لە ئامەد، هەروەها دەستبەسەرکردنی بەڕێوەبەران و مامۆستایانی زمانی کوردی، لەبەردەم بینای پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ناوچەی ئارتەمێت ڕاگەیاندراو خوێنرایەوە. پانکارت و درووشمەکان دژی هێرشەکان بۆ سەر زمانی کوردی بەرزکرایەوە.

پەروەردەکاری ئارسیسا شەوکەت ئاجار ڕایگەیاند ئەم هێرشانە بەشێکە لە هێرشەکان دژی هەموو بەها مێژوویی و نەتەوەیی و کەلتوورییەکانی کورد، بەشێکە لە گەمارۆ و گۆشەگیری و هەوڵی لەناوبردنی تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد. هەروەها گوتی: "ئەم هێرشە وەک هەموو هێرشەکانی تر بەتایبەت بەشێکە لە گۆشەگیری سەر بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان و هەموو زیندانیانی ئازادی".

"هێرشەکان دژی زمانی کوردی، دڕندەیی و تاوانێکی دژی مرۆڤایەتییە"

ئاجار ڕایگەیاند دەبێت سیستەمی ئاکەپە و مەهەپەی فاشیست و نەژادپەرست بزانێت تا کۆتایی دژی ئەم هێرشانە تێکۆشان دەکەین، چونکە زمانی کوردی هێڵی سووری نەتەوەییە، گوتی: "هەر هێرشێک بۆ سەر زمانی کوردی تەنها هێرش نییە بۆ سەر ئێمەی کورد، هاوکات هێرشە بۆ سەر مرۆڤایەتی، دڕندەیی و تاوانێکی دژی مرۆڤایەتییە".

ئاجار جەختی کردەوە بەرامبەر فشارەکان سەر نەوی ناکەن و تێکۆشان فراوانتر دەکەن، هێرشەکانی شەرمەزار کرد و داوای کرد دەستبەسەرکراوەکان ئازاد بکرێن، گوتی: "لەبری ئەوە زمانی کوردی بکەنە زمانی فەرمی. بۆ ئەمەش گۆشەگیری سەر بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان هەڵبگرن، بۆ چارەسەری دیموکراتیک دیدار دەست پێ دەکەن".

"لەپێناو زمانی کوردی، تێکۆشانتان بەرفراوانتر بکەن"

ئاجار بانگەوازی لە گەل و پلاتفۆرم و دامەزراوە و ڕۆشنبیران و هەموو توێژەکان کرد: "بە هۆش و گیانی سەفەربەرییەوە لە هەموو گۆڕەپانێکی تێکۆشان بۆ زمانی کوردی و هەموو بەها نەتەوەییەکانی کورد، تێکۆشان مەزنتر بکەن، هەموو کوردێک ببنە کوردپارێز، ببنە تێکۆشەری زمانی کوردی، هەموو جێیەک بکەنە ماڵ و فێرگە و قوتابخانە و زانکۆی کوردی؛ ئەوە لەبیر نەکەن، هێرش بۆ سەر زمانی کوردی و گۆشەگیری سەر بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان ڕاستەوخۆ پێکەوە گرێدراون. بۆیە ئێمە دژی گۆشەگیری، ڕێکخستن و تێکۆشانمان لە هەموو گۆڕەپانێک مەزنتر و فراوانتر دەکەین".

ڕاگەیاندراوەکە بە درووشمی "بێ زمان ژیان نابێ" کۆتایی هات.