هیچ زانیاریەک لەبارەی وریشە مورادی نازانرێت کە لەلایەن ئێرانەوە گیراوە

دەوڵەتی ئێران ڕێگە نادات بنەماڵە و پارێزەران سەردانی ئەندامی کژار وریشە مورادی بکەن و مانگێک زیاترە هیچ هەواڵێکی نییە.

زانیاری لەبارەی وریشە مورادی نییە

چالاکوانی مافەکانی ژنان و ئەندامی کژار وریشە مورادی لە ١ ی ئابی ٢٠٢٣ ـەوە لە زیندانی ئەوین گیراوە، هەرچەند نزیکەی ساڵێکە گیراوە، بەڵام بێبەشکراوە لە چاودێری پزیشکی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەران.

لە ٦ـی ئایاری ئەمساڵەوە بە فەرمانی ئەبوقاسم سەلواتی، بەرپرسی لقی ١٥ـی دادگای ئینقلابی تاران چاوپێکەوتنی لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەران قەدەغەکراوە، سەرەڕای بەدواداچوونی کەسوکار و پارێزەرانی سەبارەت بە هۆکار و ماوەی ئەم قەدەغەکردنانە، تا ئێستا هیچ وەڵامێکیان نەدراوەتەوە.

زانراوە، وریشە مورادی بەدەست چەند نەخۆشییەکەوە دەناڵێنێت لەوانە ئازاری جومگەکان و پشت و بەزەحمەت توانای ڕۆیشتنی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا چاودێری پێویستی پزیشکی وەرنەگرتووە.

هەروەها بەر لە دوو هەفتە و لە وادەی بەڕێوەچوونی دادگایی کردنی وریشەدا، پارێزەرەکانی ئاگادار کرانەوە کە مافی دەستڕاگەیشتنیان بەو دۆسیەیە نییە.

وریشە مورادی لە ١ـی ئابی ٢٠٢٣ دوای دەستبەسەرکردنی لە نزیک شاری سنە، پاش ٢ هەفتە لێکۆڵینەوە خرایە زیندان و گوازرایەوە بۆ زیندانی ئەوین، مورادی بە تۆمەتی "ئەندامێتی ڕێکخستن" دادگایی دەکرێت.