"هێزی ئێوە بەس نییە بۆ کپکردنی ڕاگەیاندنی ئازاد"

لە ئیستەنبوڵ بۆ ڕۆژنامەنووس ڕابیعە ئۆنڤەر کە بڕیاری گرتنی بۆ دەرچووە، ڕاگەیاندراو خوێنرایەوە و گوترا: "ئێوەش وەک هاوکارە تاریکەکانتان باش دەزانن، هێزی هیچ کەسێک بەس نییە بۆ کپکردنی ڕاگەیاندنی ئازاد".

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە ئیستەنبوڵ دەربارەی پەیامنێری ژن نیوز ڕابیعە ئۆنڤەر کە بڕیاری گرتنی بۆ دەرچووە و هەڵکوترایە سەر ماڵەکەی لە گەڤەری جولەمێرگ، ڕاگەیاندراو خوێنرایەوە. هاووتەبێژی دەم پارتی هەرێمەکە، دلبەر دەمیر ڕاگەیاندراوەکەی خوێندەوە.

ئاماژەی بەوە کرد ڕابیعە بەهۆی هەواڵێکی دەربارەی چەتەی لەشفرۆشی و ماددەی هۆشبەر کراوەتە ئامانج، ئەم فشارە بەرئەنجامی سیاسەتی دژی کوردە، هەروەها ڕۆژنامەنووسان بەهۆی ئاشکراکردنی شەڕی تایبەت دژی گەلی کورد کە لەڕێگەی لەشفرۆشی و ماددەی هۆشبەرەوە دەکرێت، هەوڵی بێدەنگکردنیان دەدرێت، گوتی: "هێرشی سەر ڕاگەیاندنی ئازاد، درێژەپێدانی سیاسەتی چەوساندنەوەی گەلی کوردە".

ڕایگەیاند هێزی کەس بەس نییە بۆ کپکردنی ڕاگەیاندنی ئازاد، گوتی: "ئەم فشار و گرتن و هەڕەشەیە ناتوانن ڕاگەیاندنی ئازاد بێدەنگ بکەن. ئێمە لەگەڵ کارمەندانی ڕاگەیاندنی ئازادین، لەگەڵ ڕابیعە ئۆنڤەرین. پێنووسەکەی تەنها نییە. ڕۆژنامەنووسی تاوان نییە. ڕاگەیاندنی ئازاد بێدەنگ ناکرێت".

ڕاگەیاندراوەکە بە بەرزکردنەوەی درووشم کۆتایی هات.